خۆپیشاندانی خوێناوی لە "نیپاڵ" بە ٢ کوژراو و ٤٥ بریندار
ئادار 29, 2025 16:25 Asia/Tehran
شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە سیستەمی سیاسی دەسەڵاتدار لە نیپاڵ بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم دوو کەس.
لە تێکهەڵچوونی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانی لایەنگری گەڕانەوەی حکومەتی پاشایەتی لە شاری کاتماندۆی پێتەختی نیپاڵ، لانیکەم ٢ کەس کوژران و ٤٥ کەسیش برینداربوون کە نیوەی بریندارەکان پۆلیسن.
خۆپیشاندەرانی لایەنگری پاشای پێشووی نیپاڵ لە ناوچەی "تینکۆنێ" لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان تێکهەڵچوون.
پۆلیسی دژە ئاژاوەی نیپاڵ بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران کە بەنیازبوون بەرەو پەرلەمانی ئەم وڵاتە وەڕێکەون، دەستی برد بۆ ماشێنی ئاوپژێن، گازی فرمێسکڕێژ و باتووم. لەم پێکدادانانەدا چەندین باڵاخانە و ئۆتۆمبێل ئاگریان تێبەردرا.
حکومەتی خۆجێیی کاتماندۆ لە چەند ناوچەیەکدا دۆخی نائاسایی پێنج کاتژمێری ڕاگەیاندووە.