ئامۆژگارییەکانی کارەساتی کەربەلا
-
ئامۆژگارییەکانی کارەساتی کەربەلا
ئیمام حوسێن(ع) بەشێوەیەکی بەبڕشتانە پرسی مەترسیی لادانی وەبیر دەھێنایەوە و وەکوو لادان لە ڕێبازی سەرەکیی ئیسلام باسی لێدەکرد.
بەڕێزیان لە وەسیەتێکدا کە لەکاتی بەجێ ھێڵانی مەککە نووسیی دوای شایەتی دان بۆ تاکانەیی خودا جەختی کردووە کە: «و انی ما خرجت عشراًو لا بطراً و لا ظالماً ولا مفسداً» واتە: با تووشی ھەڵە نەبن، با پڕوپاگەندەچیەکان نەیەن و باسی ئەوە بکەن کە گوایە حوسێنی کوڕی عەلیش وەک ئەوانەی وا لەملاو لەولا بۆ بەدەستەوە گرتنی دەستەڵات یاخی دەبن ھاتووەتە مەیدان و بەنیازی پێکدادانە، با بزانن کە جوڵانەوەکەی ئێمە لەوشێوەیە نیەو جیاوازە.
«بل انما خرجت ارید الاصلاح فی امة جدی» چونکو ناوی ئەم کارەی ئێمە چاکسازییە.
ئیمام حوسێن(ع) دەڵێ: دەمھەوێ چاکسازیی لە حکومەت دا بەدیی بێنم و ئەمەش بابەتێکە کە پێشتر و ھەتا ئەو کاتە ئەنجامی نەگرتووە«بل انما اردت الاصلاح،انما خرجت ارید الاصلاح فی امه جدی» واتە: ئەم کارە چاکسازییەو ئەم چاکسازییەش تەنیا بەھۆی ڕاپەڕین و ڕاوەستانەوە مسۆگەر دەبێت.
ئەو حەزرەتە لە وەسیەتنامەکەی دا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە لەپلەی یەکەم دا بەنیازی ڕاپەڕینەو لە پلەی دووھەم دا ڕاپەڕینەکەی لە پێناوی چاکسازیی دایە، نەک بۆ ئەوەی کە دەستەڵات بگریتە دەست و یان ڕێک بۆ خۆ شەھیدکردن بێت. پاشان ئەو حەزرەتە دەفەرموێ: «ارید ان آمر بالمعروف و انهی عن المنکر و اثیر بسیرة جدی»واتە ئامانج ئەمر بۆ چاکەو نەهی لە خراپەیە.
ئیمام حوسێن(ع) لە مەککەدا دوو نامەیان نووسی. یەکێکیان بۆ سەرۆکانی بەسرەو ئەوی دیکەیان بۆ سەرۆکانی کوفە. لەنامەی ئەو حەزرەتە دا بۆ سەرۆکانی بەسرە باسی ئەوە کراوە کە: من بە نیازم بیدعەت و چەواشەکاریی لە نێو بەرم وسوننەت بژێنمەوە، چونکو سوننەتیان مراندووە و بیدعەت و چەواشەکارییان بووژاندووەتەوە، ئەگەر شوێنم کەون با بزانن کە ڕێگای ڕاست لای منە، واتە بەنیازی بەجێ ھێنانی ئەرکی خۆمم کە ھەمان بوژاندنەوەی سوننەتی پێغەمبەرو سیستەمی ئیسلامیە.
ئیمام حوسێن(ع) لەنامەکەی دیکەی دا کە ڕوو لە خەڵکی کوفە بووە فەرموویەتی: ئیمام، پێشەوا و سەرۆکی کۆمەڵگای ئیسلامی ناتوانێ کەسێک بێت کە خەریکی گەندەڵکاری و خراپە و خیانەت و گوناە و دوورکەوتنەوە لە خودایە، دەبێ کەسێک بێت کە فەرمانەکانی کتێبی خودا لە کۆمەڵگادا ڕاپەڕێنێ.
دادگەری و عەداڵەت لە کۆمەڵگادا جێبەجێ بکات و حەق بکاتە یاسای کۆمەڵگا. بەڕێزیان ھەمیسان ئامانج و ڕێبازەکەی ڕوون دەکاتەوە و پاشان لە مەککە وەدەر دەکەوێ و تەنانەت لە ھەر مەنزڵگەیەکیش کە باروبنەی دەخا لەگەڵ بەرپەیڤە جۆربەجۆرەکانی دەدوێ و ھێندێک ڕەھەندیان بۆ ڕوون دەکاتەوە . لەمەنزڵگەیەکدا بە ناوی ''بەیزە'' لەحاڵێکدا کە حوڕڕی کوڕی یەزیدی ڕیاحیش لەپاڵ ئەو حەزرەتەدا وەستابوو ڕوولەدوژمن دەفەرموون: ئەگەر کەسێک بزانێ کە دەستەڵاتدارێک لە کۆمەڵگای ئیسلامیی دا دەستەڵاتی بەدەستەوەیە کە زوڵم دەکات و حەرامی خودا بەحەڵاڵ دەزانێ و حەڵاڵی خودا بەحەرام و حوکمی ئیلاھی وەلا دەنێ و جێبەجێی ناکاو خەڵکانی دیکەش بۆ جێبەجێکردنی بانگێشتن ناکاو بەگوناح و ڕق و قین و ستەمەوە دەجووڵێتەوە و بەگشتی گەندەڵکار و چەپەڵە، ئەگەر بێت و بە وتەو بە کردەوە بەرنگاری نەبێتەوە، خودای تاقانە لە ڕۆژی پەسڵاندا ئەو مرۆڤە کەمتەرخەم و بێ دەنگە لێکردووەش ھەر تووشی ھەمان چارەنووسی دەستەڵاتدارە ستەمکارو گەندەڵەکارەکە دەکات واتە لەیەک ڕیزدا چاویان لێ دەکرێت.
ھەڵبەت ئەمە گێڕانەوەیەک بوو لە پێغەمبەری نازدارو بەم پێیە ڕەسوڵی خۆشەویستی ئیسلام ئەوەی ڕوون کردبووەوە کە ئەگەر حکومەتی ئیسلامیی لەڕێ لادا دەبێ چی بکرێت و لەڕاستی دا ئیمام حوسێن(ع) یش پشتی بەو فەرموودەو ڕاسپاردەیەی ڕەسوڵی نازدار بەستبوو.
لەوتەکانی ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی لە خوتبەکانی نوێژی ھەینیی عاشورای ساڵی ١٣٧٣