ئاب 16, 2020 18:28 Asia/Tehran
  • عێراق ڕێپێدانی هاتنەناوەوەی بەرپرسانی تورکیای بۆ وڵاتەکەی راگرت

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئاب، ڕێپێدانی هاتنەناوەوەی بەرپرسانی تورکیای لە هەموو دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانەوە راوەستاند و سەردانە چاوەڕوانکراوەکانی بەرپرسانی تورکیای بۆ عێراق هەڵوەشاندەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، "وەزارەت لە دوو جاری یەکلەدواییەکدا باڵیۆزی تورکیای لە بەغداد بانگێهشتکردووە و دوو یاداشتی توندی لەسەر دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر سەروەریی عیراق ڕادەستکردووە.

"سەحاف ئاماژەی بەوەش کردووە لە یاداشتەکاندا داوا لە حکومەتی تورکیا کراوە "تاوانکارانی دوژمنکارییەکە" ئاشکرابکات و "لێپێچینەوە"یان لەگەڵدا بکات.وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتیشی، "هەموو وڵاتەکان لەسەر هەردوو ئاستی عەرەبی و ئەورووپی پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵوێستی عێراق دەربڕیوە و پشتگیریشی دەکەن لەسەر بەرگریکردنی لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکەکەی".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف باسی لەوەش کردووە کە عێراق بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی پشت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت و ڕایگەیاندووە "هەوڵی دیپلۆماسی دەتوانێت ئەم ئاڵۆزبوونە خاوبکاتەوە و هەردوو وڵات بگەنە دیدگایەکی هاوبەش لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان".

ڕۆژی سێشەممە 11ی ئاب، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی سەر بە سوپای عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە ناوچەی سیدەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند دوو فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنووری عێراقی و شۆفێرەکەیان لە بۆردومانەکەدا کوژراون.

سەرپەیڤ