تشرینی دووه‌م 13, 2020 23:24 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی سەرۆک کۆماری عێراق لە بارەی بەھەند نەگرتنی ھەرێمی کوردستان لە تێپەڕاندنی یاسای قەرزدا

بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەک دا پەیوەست بە تێپەڕاندنی یاسای قەرز بە بێ گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە:دابینکردنی موچەی فەرمانبەران لە عێراق بەبێ چارەسەریی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کارێکی ناتەواوەو تێپەڕاندنی وەھا یاسایەک بێ کورد پێشینەیەکی مەترسیدارە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە، سەرۆک کۆماری عێراق لە بەیاننامەکەی دا جەختی لەوەش کردووەتەوە، هەرچه‌نده‌ یاسای پڕکردنه‌وه‌ی کورتهێنانی دارایی کارێکی پێویست بوو بۆ دابینکردنی مووچه‌‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ سێ مانگی داهاتو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌نابردن بۆ قه‌رز چاره‌سه‌رێکی بەردەوام نییه‌. بۆیە جه‌خت له‌رێگه‌چاره‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ رێگه‌ له‌ دووباربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بگرێت ، چونکه‌ قەرزکردن به‌ته‌نیا به‌س نییه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌، به‌ڵکو پێویسته‌ پشت به‌ چاکسازییه‌کی گشتیر ببه‌سترێت بۆ چاره‌سه‌ریی ریشه‌یی قه‌یرانه‌که‌ و پارێزگاری کردن له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وه‌کو ئه‌وله‌ویه‌تێک .

سەبارەت بە موچەی تەواوی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش سەرۆک کۆماری عێراق پێی داگرتووە: به‌داخه‌وه‌ ئه‌م یاسایه‌ بێ ره‌چاوکردنی سازانی نیشتمانی، به‌دیاریکراویش به‌بێ خواستی کورد  په‌سه‌ندکرا و تێپه‌ڕێندرا، دیارە ئه‌مه‌ش پێشینه‌یه‌کی مه‌ترسیداره‌‌‌ لە کاری سیاسی عیراقدا. دابینکردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ عیراق به‌بێ چاره‌سه‌ریی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان کارێکی ناته‌واوه‌ چونکه‌ ئه‌وانیش هاوڵاتی عیراقن  و مافه‌کانیان له‌ده‌ستوردا جێگیرکراوه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا دوپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌ پێویستە فه‌رمانبه‌ران و ته‌واوی هاوڵاتیان به‌دووربن له‌و ململانێ سیاسیه‌ی که‌ وڵاتی به‌م رۆژه‌ گه‌یاندووه‌.

بەرھەم ساڵح راشیگەیاندووە: ھەر لێره‌وه‌ جەخت له‌چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانی نێوان حکومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی کوردستان ده‌‌که‌ینه‌وه‌، به‌دیاریکراویش دۆسیه‌ی نه‌وت و رێکخستنه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی زوڵاڵ و به‌گوێره‌ی ده‌ستور که‌ دادپه‌روه‌ری و مافی هاوڵاتی بوون بۆ هه‌موو عیراقیه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکات.

سەرپەیڤ