لە پەیامی نەورۆزی دا ، بەرهەم ساڵح باسی رێککەوتنی هەولێرو بەغدا دەکات
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەخت لە چارەسەری کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێم دهکاتەوە، هیواش دەخوازێت ھاوڵاتیان لەسەرانسەری وڵات بتوانن له خێروبێری وڵاتەکەیان و دوور دڵهراوکێی بژێوی ژیان و موچە، بە ژیانی شایستە بە خۆیان بگەن.
بە پێی هەواڵی میدیاکانی هەرێم ، لە پەیامەکەی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقدا هاتووە، گەرمترین پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ههموو کوردانی جیهان و گەلانی ڕۆژهەڵات دەکەم، نەورۆز هێمای وهرچهرخانێکی مێژووییه کە تیایدا کۆتایی به ستهم و زۆرداری هات و دادپەروەری و ئازادی بەسەر زوڵم و خوێنڕێژیدا سەرکەوت.
سەرۆک کۆماری عێراق دەشڵێت، لهم نهورۆزدا وێڕای ئەوەی خێر و خۆشی بۆ یەک بەیەکی ڕۆڵەکانی گەل دهخوازین، لهههمان کاتدا دوبارە جەخت له چارەسەرکردنێکی دەستوریانەی ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دهکهینهوه، بهجۆرێک مافی هاوڵاتیان لەخۆبگرێت.
بەرهەم ساڵح ھیوادارە، ئەم نەورۆزە سەرەتای سازان و ڕێککەوتنێکی جێگیر بێت بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی و پاوانخوازی و سەرەتای ڕەخسانی دەرفەتی ڕاستەقینە بێت ھەتا ڕۆڵەکانی گەل لەسایەیدا ڕوەو ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ھەنگاو بنێن و ھاوڵاتیان لەسەرانسەری وڵات بتوانن له خێروبێری وڵاتەکەیان و دور دڵهراوکێی بژێوی ژیان و موچە، بە ژیانی شایستە بەخۆیان بگەن.