ئیمارات 3 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەعێراق دەکات
دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئیماراتی کرد و لەگەڵ محەمەد بن راشد ئال مەکتوم هاوتا ئیماراتییەکەی کۆبوەوە، سەرەڕای جەختکردنەوەی لەهەماهەنگی بازرگانی، سەربازی و تەندروستی، ئەبوزەبی بڕیاریدا بەبەهای (سێ ملیار دۆلار) وەبەرهێنان لەعێراقدا بکات بەئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و رەخساندنی دەرفەتی نوێ.
دوای کۆبونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیمارات لەراگەیەنراوێکی هاوبەشدا هەردوولا باسیان لەوەکردوە، لەکۆبونەوەکەدا جەخت لەهەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لەسەرجەم ئاستەکان کرایەوە لەوانەش هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا و کاریگەرییە ئابوری و تەندروستییەکانی پەتاکە، هەروەها هەردوولا رێککەوتن لەسەر زیادکردنی هاوکاری دولایەنە لەبواری بازرگانی و وەبەرهێنان، لەو پێناوەشدا ئەنجومەنی کاری عێراق-ئیمارات دادەمەزرێت.
لەراگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتوە، عێراق و ئیمارات هاوڕابوون لەسەر پێویستی هەماهەنگی ئەمنی، سەربازی و ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، هەروەها هەردوولا رێککەوتن لەسەر هەماهەنگی لەبواری وزە و نەوت.