F-16 کانی عێراق بۆ ھەرێم ناگوازرێنەوە
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند،فڕۆکەکانی F16 بۆ هەرێمی کوردستان ناگوازرێنەوە.
بەدر زیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکدا رایگەیاند، کۆمپانیای ئەمریکی تایبەتمەند بە چاککردنەوە و سەرپەرشتیکردنی فڕۆکەکانی F16 لەبنکەی ئاسمانی بەلەد کشاوەتەوە و لەئێستادا گفتوگۆ لەگەڵیدا بەردەوامی هەیە بۆ ئەوەی لەبنکەیەکی دیکە دەست بەکارەکانی بکاتەوە و "هەردولاش لەسەر ئەو بابەتە گەیشتونەتە رێککەوتن".
ئەو پەرلەمانتارە رەتیدەکاتەوە ئەگەری گواستنەوەی فڕۆکەکانی F16 بۆ بنکەیەکی هەرێمی کوردستان بونی هەبێت و باسی لەوکردوە، "بنکەی داهاتوی فڕۆکەکانی F16ی عێراق لەیەکێک لەبنکە سەربازییەکانی ناوەڕاست یان باشوری عێراق دەبێت".
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە باس لەوە دەکەن فڕۆکەکانی ئێف-16ی عێراق لەبنکەی ئاسمانی بەلەدەوە بۆ شوێنێ دیکە دەگوازرێنەوە".