May 05, 2022 03:33 Asia/Tehran
  • داخوازیی سەدر لە ئەندامانی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق بۆ پێکھێنانی دەوڵەت

ڕابەری ڕەوتی سەدر وێڕای ئەمەی کە داوای لە نوێنەرانی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق کرد کە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا دەوڵەتی تازە پێک بێنن، وتیشی: ھاوپەیمانیی سێ قۆڵی دەنگ بە ئاوا دەوڵەتێک دەدات، بەڵام ڕەوتی سەدر بۆخۆی بەشداریی تیادا ناکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، «موقتەدا سەدر» ڕابەری ڕەوتی سەدر، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بەیاننامەیەکی پەیوەست بە پێکھێنرانی دەوڵەتی عێراق دەرکردو تیای دا ڕایگەیاند: دوای ڕاوێژ لەگەڵ ھاوپەیمانانی زۆرینە، لە ئێستادا لە ڕەوتی سیاسی دا سێ لایەن بەشدارن، لایەنی یەکەم «ھاوپەیمانیی زۆرینەی نیشتیمانی» یان ھەمان ھاوپەیمانییەکەی «موقتەدا سەدر»ە کە پارێزەری زۆرینەی نیشتیمانییەو لە بەر بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەمەڕ کارا کردنی بژاردەی «یەک لە سەر سێی دیاری کەر» پێکھێنانی دەوڵەتی زۆرینەی پەک پێ خستووە.

موقتەدا سدر وتووشیەتی: لایەنی دووھەم چوارچێوەی ھەماھەنگیی شێعەکانە کە خوازیاری پێکھاتنی دەوڵەتێکی تەوافوقییە، کە ئێمە چل ڕۆژ دەرفەتمان دانێ و کەچی نەیانتوانی دەوڵەتی تەوافقی پێک بھێنن.

سەدر وتیشی: لایەنی سێھەمیش ئەندامانی سەربەخۆی پەرلەمانن کە داوایان لێ دەکەین دەستەیەکی سەربەخۆ لانیکەم بە چل کەسەوە پێک بێنن بە بێ بەشداریی چوارچێوەی ھەماھەنگی، چونکو ئەوانە دەرفەتی خۆیانیان بە فێڕۆ داوە.

ڕابەری ڕەوتی سەدر لە درێژەی بەیاننامەکەی دا ھەروەھا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، «ئەندامە سەربەخۆکانی پەرلەمان دەبێ پەیوەست بن بە ھاوپەیمانیی زۆرینەوە ھەتا دەوڵەتێکی سەربەخۆ دامەزرێنن. ئێمە دواتر لە بارەی وردیاتی دیکەوە ئاگاداریان دەکەینەوەو ھاوپەیمانیی زۆرینە لەوانە فراکسیۆنی سەدر دوای ڕێککەوتن لەگەڵ سوننەو کورد دەنگ بە دەوڵەتەکەیان دەدات، بەڵام ڕەوتی سەدر لە کابینەی وەزیرەکانی ئەو دەوڵەتە دا بەشدار نابێت.

 

سەرپەیڤ