لە شارەکانی بەغداو کەربەلا و نەجەف دژی تۆپبارانەکەی تورکیا خۆپیشاندان کرا
وەک کاردانەوەیەک لە ھەمبەر تۆپبارانەکەی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان خۆپیشاندان لە بەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە عێراق و ناوەندی پێدانی ڤیزای تورکیا لە کەربەلاو نەجەف ئەنجام درا.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی عێراق، دوای ئەوەی لە ئەنجامی تۆپبارانەکەی تورکیا بۆسەر ناوچەیەکی سنوریی زاخۆ نۆ کەس کوژران و ٢٦ی دیکەش بریندار بوون، لە بەغدا، کەربەلاو نەجەف خۆپیشاندان لە بەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە عێراق و ناوەندی پێدانی ڤیزای تورکیا لە کەربەلاو نەجەف ئەنجام درا، خۆپیشاندەران داوایانکرد باڵوێزی تورکیا لە عێراق دەربکرێت.
شەوی ڕابردوو لە بەغدا دەیان کەس لە بەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە عێراق خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دژی تۆپبارانەکەی ئەو وڵاتە بۆسەر ناوچەیەکی گەشتیاری زاخۆ، ناڕەزاییان نیشاندا کە بەهۆیەوە نۆ کەس کوژران و 26ی دیکەش بریندار بون، خۆپیشاندەران هۆشدارییاندا کە لە ئەگەری نەگرتنەبەری رێکاری یاسایی و دیپلۆماسی، هەڵدەکوتنەسەر باڵوێززخانەی تورکیا و دایدەخەن.
هاوکات لە کەربەلا و نەجەفیش هاوڵاتیان لەبەردەم ناوەندی پێدانی ڤیزای تورکیا لەو دو پارێزگایە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دەرگای هەردو ناوەندەکەیان داخست، هەروەها داواشیانکرد باڵوێزی تورکیا لە عێراق دەربکرێت.