ئاب 03, 2022 10:12 Asia/Tehran
  • چوارچێوەی هەماهەنگی: بەم زووانە کۆبوونەوەیەک دەکەین بەڵام ھەتا ئەو کاتە کاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەر سودانیە

سەرکردەیەکی سەر بەهاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند: بەم زووانە کۆبوونەوەیەک دەکەین و تێی دا دوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق لێک دەدرێتەوە، بەڵام ھەتا ئەو کاتە کاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەر «موحەممەد شیاع سودانی»ـە.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی عێراق، «تورکی عەتەبی» سەرکردەی لەچوارچێوەی هەماهەنگیی شێعەکانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە چەندین کاژێری داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدەن‌ و تێیدا دوایین پێشهاتەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بەگشتیی تاوتوێ دەکرێت‌و نەخشەڕێگایەک بۆ قۆناغی داهاتوو دادەنرێت.

ئاماژەیان بەوەش کرد، «موحەممەد شیاع سودانی» هێشتا کاندیدی چوارچێوەکەیە بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو ، هیچ گۆڕانکارییەک لەبۆچوونی هاوپەیمانێتییەکەیان سەبارەت بەپێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دروست نەبووە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە «فازڵ موات» سەرکردەیەکی دیکەی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەپێگەی «بەغداد ئەلیەوم»ی ڕاگەیاندووە: تاوەکو ئەمساتە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سورن لەسەر کاندیدکردنی «سودانی» بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ، بابەتی گۆڕینی ناوبراو بەهیچ جۆرێک باسی لێوەنەکراوە.

جەختیشی کرده‌وه‌، چوارچێوەی هەماهەنگی ئێستا گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانەو مافی خۆیەتی حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت‌و هەر کەسایەتییەک بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت کاندید بکات کە بەگونجاوی دەزانێت.

ڕونیشیکرده‌وه‌، کاندیدکردنی سودانی بەگوێرەی ئەو مەرج‌و پێوەرانە بووە کە هەموو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەری ڕێککەوتوون.

سەرپەیڤ