یەکەم ھەڵوێستی ڕەوتی سەدر بەرامبەر بە کۆبوونەوەکەی دوێنێی لایەنە سیاسییەکانی عێراق
«ساڵح محەمەد ئەلعێراقی» لە بەرپرسانی باڵای ڕەوتی سەدر لە توویتێکدا سەبارەت بە دانیشتنەکەی دوێنێی کۆتلە سیاسییەکانی عێراق لە بەغدا ڕایگەیاند: زۆربەی بەشدارانی دانیشتنەکە بێجگە لە مانەوەیان لەسەر کورسیی دەسەڵات، هیچی تریان بۆ گرینگ نەبوو بۆیە دەکرێ بڵێین کۆبوونەوەکە ھیچ بەرھەمێکی لێ نەکەوتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە «ساڵح محەمەد ئەلعێراقی» ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر، لە توویتێکدا سەبارەت بە دانیشتنەکەی کۆتلە سیاسییەکانی عێراق لە بەغدا کە لەسەر داخوازیی «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیران رێکخرا، رایگەیاند:سوپاسی سەرۆک وەزیران دەکەینت بۆ رێکخستنی ئەو دانیشتنە، بەڵام بە داخەوە هیچ بەرهەمێکی لێ نەکەوتەوەو هیچی وای تیادا نەبوو،کە بە کاری گەلی عێراق و خزمەتکردنی بێت.
ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، زۆربەی بەشدارانی دانیشتنەکە جگە لە مانەوەیان لەسەر کورسیی دەسەڵات نەبێ، هیچی تریان بۆ گرینگ نەبوو. هەربۆیە هەوڵیاندا شۆڕش و داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بە کەم سەیر بکەن، لە کاتێکدا کە شۆڕش هیچی لە کەسانی وەک ئەوانە ناوێت، جگە لە بەجێهێشتنی دەسەڵات نەبێت.
«ساڵح محەمەد ئەلعێراقی» پڕکردنەوەی ئەو کورسیە بەتاڵانەی پەرلەمانیشی کە لە لایەن ڕەوتەکەیەوە چۆڵ کراوە بە پیلان ناوبردو وتی: ئەگەر کاری واش دەکەن، لە دانیشتنێکی ئاشکرادا بیکەن با خەڵک ئاگای لەو پیلان و تەڵەکانە بێت کە لە پشتەوە دەکرێن.