چوارچێوەى هەماهەنگی سوورە لەسەر کاندید کردنی سوودانی
چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بڕیاری کۆتایی خۆیانداو رایگەیاند، کاندیدەکەیان ناگۆڕن.
لە راگەیەنراوێکدا چوارچیوەى هەماهەنگی شیعەکان جەختی لەسەر کاندیدەکەیان بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران کردەوەو رایگەیاند، کاندیدەکەیان ناگۆڕن.
پێشتر مەحمود حیانی ئەندامی هاوپەیمانێتی فەتح رایگەیاندوە، دەتوانرێت محەمەد شیاع سودانی، کاندیدی دەستنیشانکراوی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بگۆڕدرێت بەکەسێکی دیکە بەڵام بە مەرج.
ئاماژەى بەوەشکردوە، کە بەرەی سەدر لەوبڕوایەدان محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لایەنگر و ئەندامی دەوڵەتی یاسایە بۆیە ئەوان رەتی دەکەنەوە و ئەمەش دەتوانرێت بەڕوونی لە تویتەکانی ساڵح محمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەکەی سەدر ببینرێ."
ئەو سەرکردەى فەتح باسی لەوە کردبوو کە کۆبوونەوەی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح و موقتەدا سەدر سەرۆکی بەرەی سەدر دەتوانێت چارەسەری زۆرێک لە گرفتە گەورەکانی ئەمڕۆ بکات، دەکرێت بتوانن چارەسەری پەڕلەمان بکەن و هەنگاو بۆ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بنێن، چوارچێوەی هەماهەنگی دژی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن نییە بەڵکوو پێویستە گفتوگۆ و دانوستان لەپێناو گەشتن بەچارەسەر بکرێت.