تشرینی یه‌که‌م 03, 2022 05:57 Asia/Tehran
  • دە هێندە زیادبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی خۆفڕەکانی تورکیا لە عێراق

 شارەزایەکی عێراقی رایگەیاند، تورکیا لەمساڵدا گەشتە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە عێراق 10 هێندە زیادکردووە.

 یوسف ئەلعەزاوی پسپۆڕی ئاسایشی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمەلومە رایگەیاند، بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئەمنیەکان، لە سەرەتای ساڵی 2022ەوە ئەم گەشتانە 10 هێندە زیادیان کردووە و تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی خۆفڕبەکاردەهێنێت بۆ بە ئامانجگرتنی نەیارەکانی لە عێراق.

ئەلعەزاوی نەبوونی سیستمێکی بەهێزی بەرگری ئاسمانی بە هۆکاری سەرەکی زانی بۆ پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق لەلایەن تورکیاوە و رایگەیاند، ئاسمانی عێراق بەتەواوەتی کراوەیە بەڕووی تورکیادا، هەربۆیە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا نزیکەی 20 ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرییان لە ناوخۆی عێراق ئەنجامداوە، کە بە ڕوونی پێشێلکردنی سەروەریی ئەم وڵاتەیە.

ئەم پسپۆڕە ئەمنییە عێراقییە جەختی لەوە کردەوە کە تا ئەو کاتەی لاوازی لە دژی دەستدرێژییەکانی ئەنقەرە نیشان بدرێت، هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان لە 200 کیلۆمەتری عێراق بەردەوام دەبێت.