شوبات 06, 2023 08:27 Asia/Tehran
  • کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بە ئامادە بوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شێعەکانی عێراق شه‌وی ڕابردوو به‌ئاماده‌ بوونی «محەممەد شیاع سودانی» سه‌رۆک وه‌زیرانی ئەم وڵاتە کۆبونه‌وه‌ی بە پەلەی ئه‌نجام دا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق ، بودجه‌ی ٢٠٢٣ و پرسی به‌رزبونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقی و سه‌ردانی شاندی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌مریکا به‌شێکی گرنگی تەوەرەی کۆبونه‌وه‌که‌ دێنە ئەژمار.

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا وای بڵاو کردووەته‌وه‌، ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ له‌ نوسینگه‌ی «حه‌یده‌ر عه‌بادی» به‌ ئاماده‌بونی «محه‌ممه‌د شیاع سودانی» سه‌رۆک وه‌زیران چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی کۆبونه‌وه‌یه‌کی ئه‌نجامدا و تاوتوێی پێشهاته‌کانی بواری سیاسی و ئه‌منیی کرد، ئەمە جگه‌ له‌ تاوتوێ کردنی دۆسیه‌ی بودجه‌ی فیدڕاڵی که‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ نیازه‌ پێشکه‌شی پەرلەمانی  بکات به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندکردن.

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی چوارچێوەی ھەماھەنگی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ڕونکردنه‌وه‌یه‌کی وردی له‌باره‌ی ئه‌و میکانیزمانه‌ خستووەته‌ڕو که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای بودجه‌ی فیدڕاڵی داڕێژراون و هه‌وڵی گونجانی له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی حکومه‌تدا داوه‌، هه‌روه‌ها رونکردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ش داوە که‌ بانکی ناوه‌ندیی عێراق دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ بانکی فیدڕاڵی ئه‌مریکا له‌ ئەستەمۆڵ ئه‌نجامی دا.

سودانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌ کە، ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی بانکی ناوه‌ندی پێشکه‌شیان ده‌کات له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی چاکسازی دارایی و بانکیدا دێنه‌ ئاراوه‌.

ئەمەو له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌، له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا باس له‌ رێوشوێنه‌ حکومییه‌کان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌رییه‌کانی بەرزبوونەوەی به‌های دراڤ له‌سه‌ر چینه‌ هه‌ژار و په‌راوێزخراوه‌کانیش کراو سه‌ردانی داهاتووی شاندی عێراق بۆ واشێنگتۆن به‌ سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ش بە مەبەستی ته‌واوکردنی کۆبونه‌وه‌کانی ئەستەمۆڵ به‌شێکی دیکه‌ی تەوەرەی کۆبونه‌وه‌که‌ی شەوی ڕابردووی چوارچێوەی ھەماھەنگی بوو.

سەرپەیڤ