شوبات 09, 2023 19:41 Asia/Tehran
  • بەرپاکرانی ئاهەنگی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە بەغدا

ئاهەنگی ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە بەغدای پایتەختی عێراق بە ئامادەبوونی شارومەندانی عێراقی و ئێرانی بەڕێوەچوو.

٤٤ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی کۆچیی ھەتاوی (١ی فڤریەی ١٩٧٩)، ئیمام خومەینی (ڕە) دامەزرێنەری مەزنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاش پانزە ساڵ دابڕان و دوورخرانەوە لە نیشتمانەکەی، لە گەرمەی پێشوازیی پڕلە جۆش و خرۆشی خەڵک، گەییشتەوە خاکی ئێرانی ئیسلامی.

دوای تێپەڕینی دە ڕۆژ لە گەڕانەوەی بەڕێزی بۆ ئێران، لە ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ (١١ی فڤریەی ١٩٧٩)، شۆڕشی شکۆمەندی ئیسلامیی ئێران سەرکەوت.

هەر لەبەر ئەمە لە ١٢ی ڕێبەندانەوە، واتە ئەو ڕۆژەی کە ئیمام خومەینی (رە) گەییشتەوە ئێران، ھەتا ٢٢ی ڕێبەندان کە ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییە، لە ئێراندا وەک «دەیەی فەجر» ناودێری کراوەو هەموو ساڵێک ئا لەم ڕۆژانەدا ئاهەنگ و ڕێوڕەسمی تایبەت بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بەڕێوەدەچێت.

هەر بەم بۆنەیەوە و بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران پرێس، دەیان بنەماڵەی ئێرانی – عێراقی دانیشتووی عێراق ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە ئاھەنگی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە شاری بەغدا کە بە ئامادەبوونی «محەمەد کازم ئالی سادق» باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق بەڕێوەچوو، بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشدارییان کرد.

«سەیید عەمار حەکیم» ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانیی عێراق،لە ئاھەنگەکەدا خۆشحاڵی خۆی بە بوونی خاڵی هاوبەشی فەرهەنگیی زۆر لەنێوان  ھەردووک نەتەوەی ئێران و عێراق دەربڕی و بوونی بنەماڵە ئێرانییەکان لە عێراق و بنەماڵە عێراقییەکان لە ئێرانی بە فاکتەرێکی بەهێزکردنی برایەتیی ئەو دوو نەتەوەیە زانی.

سەرۆکی بزوتنەوەی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق وێڕای ستایشی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەقامگیرکردنی عێراق و ناوچەکە، شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران دا بە جێگای شانازی بۆ گەلانی ئازاد زانی و جەختی لەوەش کردەوە کە: ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران بیرهێنانەوەی سەرکەوتنەکانی شۆڕشێکە کە توانی هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بگۆڕێت.

سەرپەیڤ