گیرانی زیاتر لە ١٠ تیرۆریستی داعشی لە عێراق
دەزگەی هەواڵگریی عێراق رایگەیاند دوازدە تیرۆریستیی داعشی لە سێ پارێزگای ئەم وڵاتەدا گرتووە.
دەزگەی هەواڵگریی سەربازیی عێراق ڕۆژی دووشەممە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک رایگەیاند: هێزە هەواڵگرییەکانی عێراق بە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت، دوازدە تیرۆریستی سەر بە داعشیان لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبارو سەلاحەدین قۆڵبەست کردووە.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ دڵنیا بوون لە سەرهەڵنەدانەوەی داعش و تیرۆریستانیی هەڵاتووی، بەردەوامن لە سەرپاکتاو کردن و راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش لە سەرانسەری وڵاتدا.
پاشماوەکانی داعش ئێستایش هەرلە ناوچەگەلێکی بەغدا، سەڵاحەدین، دیالە، کەرکووک، نەینەوا و ئەنبار خەریکی چالاکین.
سنووری عێراق و سووریا لە باکووری ئەم وڵاتە و پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا شوێنی سەرەکیی هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ نێو خاکی عێراقن و ئەم تیرۆریستانە زوو بە زوو دەست دەدەنە کردەوەی تیرۆریستی و خۆتەقاندنەوە.