لەباربرانی پیلانی تیرۆریستیی داعش لە عێراق
سەرچاوەیەکی عێراقی باسی لەناوبرانی پلانی تیرۆریستی بۆ بەئامانجگرتنی بازاڕەکانی کەرکوکی کردووە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کرد، لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان و هەوڵە مەیدانییەکانی هێزەکانی هەواڵگریی ئەم وڵاتە، دوو ئەندامی داعش کە بەنیازی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی بوون لە کەرکوک دەستگیرکراون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستگیرکردنی ئەو دوو تیرۆریستەی داعش تەنیا چەند کاژێرێک دوای هێرشکردنە سەر بنکەیەکی پۆلیسی کەرکوک ئەنجامی گرتووە.
لەم بەیاننامەیەدا دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم دوو ئەندامەی داعش بەهەمان شێوە پلانیان دانابوو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرش بکەنە سەر هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای کەرکووک و هەوڵیان داوە لەڕێگەی چەند تەقینەوەیەک لە بازاڕە قەرەباڵغەکاندا ترس و تۆقان دروست بکەن، بەڵام لە ئەنجامی وریایی هێزە ئەمنییەکان، ئەم پلانە تیرۆریستییە شکستی هێنا.
یەکێک لەو دوو تیرۆریستە بە ناسناوی "ئەبو دەجان"ـەوە، پێشتر بۆمبێکی لە ڕێڕەوی ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس تەقاندبووەوە و بە نارنجۆک ئۆتۆمبێلێکی دیکەی کردبووە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی عێراق.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەمیشە بەردەوامن لە گەڕان و پاککردنەوەو ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی ئەم تاقمە تیرۆریستییە لە سەرتاسەری وڵاتدا بۆ دڵنیابوون لەوەی کە داعش و تیرۆریستە هەڵاتووەکانی سەرهەڵنەدەنەوە.