کانونی دوھەم 24, 2024 15:30 Asia/Tehran

بڕیارە لە هەفتەی داهاتو پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی نوێی تایبەت هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەرێوەبه ریت و ئەندامێکی لیژنەی یاساییش دەڵێت، "لەمجارەدا هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەبێ کێشە بەرێوەدەچێت و لایەنە سیاسییەکان رێککەوتنی خۆیان کردوە."

رۆژنامەی "صباح"ی عێراقی بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەکاری بۆ دانیشتنێکی نوێی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەکات لە هەفتەی داهاتو، ئەویش دوای ئەوەی دانیشتنی یەکەمی ئەو پرۆسەیە شکستی هێنا.

پێشبینی دەکرێت لە دانیشتنی ئەمجارە لایەنەکان بگەن بە رێککەوتن و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەبێ کێشە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەرێوەبچێت، لەو بارەیەوە ئەحمەد فەواز ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان رایگەیاند، هەفتەی داهاتو دانیشتنێکی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەرێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت کاندیدەکانی دانیشتنی پێشو بکشێنەوە و کاندیدی نوێ دیاری بکرێن، یاخود رێککەوتن لەسەر دو کانیدی کۆتایی دوایین دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دانیشتنی رابردوی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە رکابەرییەکە لەنێوان سالم عیساوی کاندیدی هاوپەیمانی سیادە و شەعلان کەریمی کاندیدی حزبی تەقەدومدا بو، هەڵوەشێنرایەوە و پرۆسەکە بەڕێنەکرا، هۆکارەکانیش دەگەرێنرێنەوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی شەعلان کەریمی بە تۆمەتی "پشتیوانیکردنی لە حزبی بەعس" و هەموارنەکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.

سەرپەیڤ