کۆمیسیۆن دوو بەربژێری سزا دا؛ دەبێت 7 ملیۆن دینار بدەن
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دوو بەربژێرى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى سزا دا و دەبێت یەکێکیان 5 ملیۆن دینار و ئەوى دیکەشیان دوو ملیۆن دینار پێبژاردن بدات .
بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە 31ى ئابى 2025 دەریکردووە، بڕیاری داوە بە سزادانى عەلى ئەنهیر ئەبو زینە، بەربژێرى هاوپەیمانیى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە سنوورى پارێزگاى بەغدا کە لەلایەن محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە سەرکردایەتى دەکرێ و سزاکە پێبژاردنە بە بڕى پێنج ملیۆن دینار.
سزادانى ئەو بەربژێرە بەگوێرەى بڕگەى دوو لە مادەى دووى رێنوێنییەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنە کە تایبەتە بە سەرپێچیکردن لە دەستپێکردنى بانگەشە بەر لە وادەی خۆی یان لە دواى راگرتنى بانگەشە.
ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لە بڕیارێکى دیکەدا سزای ئوسامە جبوورى، بەربژێرى لیستى هاوپەیمانیى خزمەتی لە سنوورى پارێزگاى نەجەف دا بە دوو ملیۆن دینارى پێبژاردن، بەهۆى سەرپێچیکردنى رێنماییەکانى تایبەت بە بانگەشەى هەڵبژاردن و دەستپێکردنى بەر لە ماوەى دیاریکراو.