زانایان خاڵی لاوازی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدۆزنەوە
تا ئێستە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بڵاوبوونەوە بەردەوامە و توانیویەتی لەماوەی چەند مانگێک، زیاتر لە نۆ ملیۆن و 500 هەزار کەس تووش بکات و لە سەرووی 485 هەزار مردنیش هەیە، تا ئێستەیش چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە، توێژینەوەیەک دەڵێ، زانایان خاڵی لاوازی ڤایرۆسەکەیان دۆزیوەتەوە.
ئەو توێژینەوەیە لە گۆڤاری «نیچەر»ی زانستی بڵاو بووەتەوەو، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە زانایان توانیویانە بگەن بە نوێترین نەخشەی بۆماوەیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، واتە گەیشتوون بە خاڵی لاوازی ئەو ڤایرۆسە، لە رێگەی دیاریکردنی ئەو پڕۆتینەی بۆ پێوەنووسان بە خانەکانی لەش، بەکاری دێنێت.
زانایان توانیویانە زیاتر لە 3800 جۆر لە پڕۆیتن بدۆزنەوە کە ئەو ڤایرۆسە بۆ داگیرکردنی خانەکانی مرۆڤ بەکاری دێنێت، لە هەنگاوێک دەکرێت رێگە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە داهاتوو، خۆش بکات و رەنگە یاریدەریش بێت بۆ دۆزینەوەی پێکوتەیەکی کاریگەر لە دژی.
وەک ئەو گۆڤارە بڵاوی کردووەتەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا پێش ئەوەی خانە داگیر بکات، پشت بە پڕوتینێک بە شێوەی دڕکێک دەبەستێت بۆ پێوەنووسان بە بەرگی خانەکە و بردنەژوورەوەی جینەکانی و زۆربوون لەناو خانەکەدا، کە ئەوەیە هۆی بڵاوبوونەوەی زۆری ڤایرۆسەکە.
« جیسی بلووم»،یەکێک لە زانایان لە سەنتەری «فرید هچنسۆن» بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە لە سیاتل لە ویلایەتی واشنتن، لەگەڵ هاورێکانی سەرکەوتووبوون لە گۆڕینی ترشی ئەمینی ئەو پڕۆتینەی دڕکەکە پێکدێنێت، بۆیە ئەو تاقیکردنەوە دەبێتە هۆی شکاندنی دڕکی ڤایرۆسەکە و تواناکانی بۆ پێوەنووسانی بە خانەکانی لەش لاواز دەکات.
هاوکات ئەو دۆزینەوە یارمەتی توێژەران دەدات بۆ پەرەپێدانی دژەتەنەکان کە توانای ڤایرۆسەکە لە تووشکردنی خانەی نوێ کەم دەکەنەوە.