تۆپی سەرمێزی سلێمانی گەورەی گروپی باکور و کوردستانە
تیمی تۆپی سەرمێزی یانەی وەرزشی سلێمانی تەواوی یارییەکانی لە قۆناغی یەکەمی خولی نایابی تۆپی سەرمێزی یانەکانی عێراقدا بەسەرکەوتن کۆتایی پێھێنا.
لەھۆڵی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یارییەکانی گروپی (کوردستان+باکور) لەقۆناغی یەکەمی خولی نایابی تۆپی سەرمێزی یانەکانی عێراق ئەنجامدرا.
یارییەکان بەبەشداری یانەکانی (سلێمانی،پێشمەرگەی سلێمانی، ئاشتی، ھەڵەبجە، دەربەندیخان، کۆیە، برایەتی، ئەکاد، دھۆک، نەوتی باکور) لەرۆژانی (٣-٤-٥/٩/٢٠٢٠) بەرێوەچوو.
تیمی تۆپی سەرمێزی یانەی وەرزشی سلێمانی کەھەڵگری ژمارەی پێوانەییە لەدەستەبەرکردنی نازناوی خولی یانەکانی عێراقدا، بەسێ یاریزانی ئاست بەرز (حسێن عومەر، عومەر ئەیاد، ئەنوەر موئەییەد) رکابەرییەکانی خولەکەی دەستپێکرد.
ئەیوب عەزیز سەرپەرشتیاری تیمی تۆپی سەرمێزی یانەی سلێمانی رایگەیاند سێ لەباشترین یاریزانەکانی عێراق درێسی یانەکەیان دەپۆشن، ئامانجیشیان دەستەبەرکردنی نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق و چوونەوە سەرسەکۆو گەڕانەوەیە بۆ ھەرەمی ریزبەندی خولەکە.لای خۆشیەوە ھەردە رەوف بارام سەرۆکی یەکێتی تۆپی سەرمێزی یانەکانی عێراق رایگەیاند یەکێتییەکەیان یەکەمین یەکێتییە لەسەر ئاستی عێراق کە رێکخستنی خولەکانی دەستپێکردووەتەوە.
راشیگەیاند لەکاتی بەرێوەچوونی یارییەکانی خولەکەدا یەکێتییەکەیان تەواوی رێنماییە تەندروستییەکانی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای جێبەجێکردووە.