تشرینی دووه‌م 09, 2020 15:17 Asia/Tehran
  • لەگەرمەی خۆئامادەکردن بۆ پاڵاوتنەکانی مۆندیال کۆڕۆنا دێتە ناو هەڵبژاردەکه‌وه‌

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "سەباح"ی فەرمی عێراقی، لەگەرمەی خۆئامادەکردنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی ساڵی ٢٠٢٢ کە وابڕیارە لەوڵاتی قەتەر بەڕێوەبچێت ژمارەیەک لەیاریزانەکانی هەڵبژاردەکە توشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون.

 

ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردوە، عەلا عەبد زوهرە هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق‌و هاوتیمەکەی یاریزان عەلی حوسنی‌و ڕاهێنەری هەڵبژارده‌کە توشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هاتوون.

ڕۆژی شەممەش مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق لەیاریگای شەعب لەبەغدا سەردانی هەڵبژاردەی عێراقی کرد کە خەریکی ڕاهێنانەکانیانن بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی.

لەوبارەیەوە نوسینگەی کازمی لەبەیاننامەیەکدا باسی لەوەکرد، سەرۆک وەزیران داوای لەیاریزانان کردوە باشترین ئاستیان پێشکەشبکەن‌و لەڕێگای گەیشتن بەمۆندیال ناوی عێراق بەرزبکەنەوە.

جگەلەوەی هەربەپێی بەیاننامەکە سەرۆک وەزیران بڕیاریداوە فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ گواستنەوەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق تەرخانبکات‌و هەموو یاریزانەکان پاسپۆرتی دیبلۆماسیان بۆ دەربهێنرێت‌و پارچەیەک زەویان پێبدرێت.

هەڵبژاردەی عێراق لەمێژوی خۆیدا یەکجار بەشداری جامی جیهانی سەرکەوتووە کە ئەویش مۆندیالی ساڵی ١٩٨٦ی وڵاتی مەکسیک بوو کە تێیدا ئەستێرەی کۆچکردوی تۆپی پێی عێراقی ئەحمەد ڕازی سەرکردایەتی تیمی عێراقی دەکرد.

سەرپەیڤ