کانونی یه‌که‌م 18, 2020 14:32 Asia/Tehran
  • پێرسپۆلیس _ ئۆڵسان و فیناڵێکی ورووژێنەر

ململانێی کۆتایی ھەڵبژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا کاتژمێر سێ و نیوی سبەینێ شەممە لەنێوان یانەی «پێرسپۆلیس»ی ئێران و یانەی «ئۆڵسان ھیوندا»ی کۆریای باشووری لە وەرزشگای «ئەلجنوب»ی دەوحەدا بەڕێوە دەچێت.

یانزە مانگ و پێنج ڕۆژ بەسەر یەکەم ململانێی ھەژدەھەمین خولی ھەڵبژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا تێ دەپەڕێت و سبەینێ پاڵەوانانی ئەم خولەی یارییەکان دیاری دەکرێن.
 

 

دوو یانە ئەوە بۆ دووھەمین جارە بەشدارییان لەم کێبەرکێیانەدا پێ دەکرێت. «ئۆڵسان» لە ساڵی ٢٠١٢ توانی بە سەرکەوتن بە سەر «ئەلئەھلی»ی عەرەبستاندا ببێتە پاڵەوان، بەڵام «پێرسپۆلیس» لە ساڵی ٢٠١٨دا یارییەکەی بە «کاشیما» دۆڕاندو دەستی بە پاڵەوانەتی ڕانەگەییشت.

 

یانەی تۆپی پێی «پێرسپۆلیس» بە سەرپەرشتیی «یەحیا گوڵ موحەممەدی» بەرگریکاری پێشووی خۆی ، چالاکیەکانی لەم خولەی کێبەرکێکاندا بە دۆڕان لە بەرامبەر «ئەلدوحەیل» دەست پێکرد، بەڵام سەرەنجام توانی وەک یانەی ھەڵکەوتەی گروپی سێھەم ھەڵکشێ و لە ئێستاش دا ئەگەر بێتوو ببێتە پاڵەوان، ئەوا «پێرسپۆلیس» دوا «وێستڕن سیدنی»ی ئیتاڵیا دەبێتە دووھەمین تیپێک کە چالاکییەکانی خۆی بە دۆڕان دەست پێکردووەو بە سەرکەوتن کۆتایی پێ ھێناوە.

 

ھەڵبەت «ئۆڵسان»یش تایبەتمەندییەکی ھەیەو ئەویش ئەمەیە کە ئەگەر ببێتە پاڵەوان ئەوە یەکەم یانەیەک دەبێت کە بەبێ شکست ھێنان ھەتا قۆناغی پاڵەوانەتیی بڕیوە.

 

«دیۆ بۆڵتویس»  بەرگریکارە ھۆڵنداییەکەی یانەی  «ئۆڵسان ھیوندا»ی کۆریای باشووری وێڕای ئاماژە کردن بە یارییەکەی سبەینێ دەڵێت: «پێرسپۆلیس» تیپێکی مەزن و باش و جێگای ڕێزە لە ئێران و لە ئاسیاش دا، ململانێ لەگەڵ ئەم تیپە جێگای سەرنج دەبێت، ھەڵبەت بە گشتی ھیوام وایە سبەینێ کاپی سەرکەوتن بە دەستی خۆمانەوە بێت.
 

 

«یەحیا گوڵ موحەممەدی» گەورەڕاشێنی تیپی تۆپی پێی «پێرسپۆلیس»یش ئەمڕۆ ھەینی لە پرێس کۆنفرانسی بەرلە یاریی سبەینێی تیپەکەی لەگەڵ «ئۆڵسان ھیوندا»ی کۆریای باشووری جەختی کرد: پلەی پاڵەوانەتی لە ئاسیادا نەبێت بیر لە ھیچی تر ناکەینەوەو تاکە ئامانجمان ئەمەیە کە بەو پاڵەوانیەتییە دڵی لایەنگرانمان خۆش کەین.

 

ئینجا «سەیید جەلال حسەینی» کاپیتانی تیپی «پێرسپۆلیس»یش کە ھاوڕۆی «گوڵ موحەممەدی» بەشداریی پرێس کۆنفرانسەکەی کرد بوو وتی: سبەینێ ڕۆژێکی گەورەیە بۆ «پێرسپۆلیس»و بۆ«ئۆڵسان»یش. ئۆڵسان تیپێکی ڕێک و پێک و بەرنامەیە. ئێمەش تیپێکی باشین و ھەوڵێکی زۆرمان داوەو گەییشتنمان بەم قۆناغە لە ڕاستی دا پاداشتی ئەو ھەوڵەیە. بە ھیوام سبەینێ خەڵکی ئاسیا یارییەکی باش بەدی بکەن.

سەرپەیڤ