داڵاھۆ وەک شاری نیشتیمانیی «تەمورە» تۆمار کرا
شاری داڵاھۆ وەک شاری نیشتیمانیی دروستکردنی «تەمورە» تۆمار کراو لەوحەکەشی ئەمڕۆ دووشەممە لە لایەن «عەلی ئەسغەر مونسان» وەزیری کەلەپوور و پیشەی دەستی و گەشتیاریی ئێرانەوە پێشکەشی بەرپرسانی پارێزگای کرماشان کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، شارستانی «داڵاھۆ» کە بە نزیکەی ٣٦ھەزار کەس حەشیمەتەوە لە سەد کیلومەتریی ڕۆژئاوای کرماشاندا ھەڵکەوتووە، لە بەڵگە مێژووییەکاندا وەک یەکێک لە لانکە سەرەکییەکانی چێکردنی تەمورە لە جیھاندا ناوی دەرکردووە.
لەم شارستانەدا کەسانێکی زۆر خەریکی چێکردن و ژەندنی تەمورەن و خەڵکی خۆجێییش کە بە زۆری سەربە ئایینی «یارسان»ن لەم ئامێرەی موسیقا لە ڕێ و ڕەسمە ئایینیەکاندا کەڵک وەر دەگرن.
ڕێ و ڕەسمی تۆمار کردنی تەمورە بەیانیی ئەمڕۆ بەئامادە بوونی «مونسان» وەزیری کەلەپوور و پیشەی دەستی و گەشتیاریی ئێران ، «ھوشەنگ بازوەند» پارێزگاری کرماشان، «موجتەبا بەخشی پوور» نوێنەری خەڵکی ئیسلام ئاباد و داڵاھۆو «ئومێد قادری» بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کەلەپووری کرماشان لە کۆمەڵەبینای ڕۆشنبیریی نیاوەران بەڕێوە چوو.
«بازەوند» لەم دێ و ڕەسمەدا وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە تەمورە لەم ناوچەیەی وڵات مێژینەیەکی شەش ھەزار ساڵەی ھەیە، جەختی کرد: تەمورە لە ناوچەی داڵاھۆ بەشێکی دانەبڕاوەی ڕێ و ڕەسمەکانی شایی و شینەو چریکەی تەمورە لە ھەموو شوێنێکدا ئامادەیە.
سەرباری ئەوەی کە تەمورە لە جیھاندا وەک ئامێرێکی بە تەواوی ئێرانی ناسراوە، یە ڵام ھەتا ئێستا ئەم ئامێرەی موسیقا لە ڕێکخراوەی جیھانیی یۆنێسکۆدا بە ناوی ئێرانەوە تۆمار نەکراوە.