مامۆستایەکی کوردی کۆلیژی وەرزش، پێنجەم پەڕتوکی خۆی لەم بوارەدا بڵاو دەکاتەوە
مامۆستایەکی کۆلیژی وەرزشی لە زانکۆی سلێمانی کە هاوکات وەرزشکارێکی دێرینیشە پێنجەم پەڕتوکی بڵاو دەکاتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی پی یو کەی میدیا، «شنە زاهیر» مامۆستای کۆلیژی وەرزشیی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە پەرتوکە نوێیەکەی کە دەبێتە پێنجەم بەرهەمی چاپکراوی،رایگەیاندووە: زۆر خۆشحاڵم بەرهەمێکی تری زانستیم بلاو دەکەمەوە کە ماوەیەکی زۆر لە هەوڵ وکۆشش وشەونوخونی زۆردا بوم بۆ تەواوکردنی بەناونیشانی «وەرزش بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکان».
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکەش وتی، ئەم کتێبەم چەندین بەش لە خۆدەگرێت کە باس لە نەخۆشییەکان دەکات کەهەموو جۆرەکانی وەرزشی تێدا رونکراوەتەوە بە وێنەو نووسین و چۆنیەتی ئەنجامدانی وەرزشەکان کە وەک چارەسەرێک یان کەمکردنەوەی ئازار دەتوانین ئەم وەرزشانە ئەنجام بدەین.
ناوبراو جەختی لەوەش کردوەتەوە کە،مەبەستم لە نوسینی ئەم کتێبەم جێگرتنی کاری پزیشکی نیە بەڵکو زیادکردنی ئاستی رۆشنبیریی هەموانە لەم زانستەدا بەتایبەت ئەوەی کە چۆن بتوانین وەرزش بکەین بە سەرچاوەیەک بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکان، لەبەرئەوە زۆر گرنگە بزانین وەرزش بەشێوەیەکی زانستی ودروست ئەنجام بدەین، شارەزایی تەواومان هەبێت لەسەر جۆری وەرزشەکان چونکە وەرزش زانستەو دەبێت بەشێوەی زانستیش ئەنجام بدرێت.
«شنە زاهیر» هیوای ئەوەشی خواست کە بتوانێت لە رێگەی ئەم پەرتوکەوە خزمەتێک بە کۆمەڵگەی کوردی بکات بەشێوەیەکی زانستی وئەکادیمی .