شوبات 12, 2021 14:13 Asia/Tehran
  • وەرزشوانە کەم بیناکەی ئێران ڕەچەی شکاندو میدالیای زێڕیشی بردەوە

وەرزشوانێکی کەم بینای ئێران لە کێبەرکێی جیھانیی ئیمارات، وێڕای ڕەچە شکاندن، میدالیای زێڕیشی بە خۆی تەرخان دا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ئیرنا، لە کێبەرکێی «پارا ڕاکردنی مەیدانی» دا کە لە وڵاتی ئیمارات خەریکە بەڕێوە دەچێت، دوێنێ لە دووھەمین ڕۆژی ئەم کێبەرکێیانەدا و لە بەشی ڕم ھاویشتن، «بیھزاد عەزیری» ڕمھاوێژی کەم بینای ئێران بە تۆمار کردنی ڕەچەی ٦٤ مەترو ٣٧ سانتی مەتر میدالیای زێڕی دەست کەوت. وەرزشکارێکی سەر بە وڵاتی «لیتوانی» بە ٤٨ مەترو ٤٥ سانتی مەتر بوو بە دووھەم و «مەسعود حەسدەری» نوێنەرەکەی دیکەی ئێران ھەر لەم بوارەدا بە تۆمار کردنی ڕەچەی ٤٤ مەترو ٣٠ سانتی مەتر میدالیای برۆنزی دەست کەوت.

لە درێژەی ئەم کێبەرکێیانەدا« وەحید عەلی نەجیمی» لە ڕاکردنی ٤٠٠ مەتردا بە تۆمار کردنی ڕەچەی ٥٠ چرکەو لەسەدا ٤١ پلەی سێھەمی مسۆگەر کرد. لەم بوارەدا نوێنەرەکەی ئەلجەزایەر بە ٤٧ چرکەو لەسەدا ٩١و نوێنەری تورکیاش بە ٤٩ چرکەو لەسەدا ٥٣ لە ڕیزی یەکەم و دووھەم دا وەستان.

کێبەرکێ نێونەتەوەیەکانی ڕاکردنی مەیدانیی کەم ئەندامان و نابینایان و کەم بینایان کە لە ڕاستی دا ھەڵبژاردنێکی بەرایی بۆ ئۆلەمپیک و ڕیزبەندی بۆ ململانێکانی تۆکیۆ دێتە ئەژمار ھەتا ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندان بەردەوام دەبێت.

سەرپەیڤ