ئادار 04, 2021 14:22 Asia/Tehran
  • پەسەن نووسینی  ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە سەر پەڕتوکی «ئێوارەکانی کریسکان» بڵاو دەبێتەوە

مامۆستا «مەلا قادر قادری» ئیمام جومعەی پاوە ڕایگەیاند: پەڕتوکی «ئێوارەکانی کریسکان»ی کە بە پەسن نووسینی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕازاوەتەوە، بڵاو بووەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی میھر، «ئێوارەکانی کریسکان» ناوی کتێبێکە بە قەڵەمی «کیانوش گوڵزاری ڕاغیب» کە «ئەمیر سەعید زادە»و « سەعدا حەمزەیی» ھاوسەری گێڕاویانەتەوەو لە ساڵی ١٣٩٤ دا بڵاو بووەتەوە.

«کریسکان» ناوچەیەکە لە کوردستانی عێراق دا کە دوای پاکتاوکرانی «سەردەشت» بوو بە مۆڵگەی سەرەکیی تاقمە دژی شۆڕشەکان و لەو ناوچەیە بەندیخانەیەکیان کرد بووەوە. پاڵەوانی کتێبەکەش چەند ساڵێکی لەو بەندیخانەیەدا بەسەر بردووەو لە ڕاستی دا بەسەر ھاتی خۆی گێڕاوەتەوە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا مامۆستا «مەلا قادر قادری» ئیمام جومعەی شاری پاوە باسی ئەوەی کردووە کە ئەم کتێبە لەم دواییەدا بە پەسن نووسینێکی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕازێنراوەتەوە.

«ئەمیر سەعید زادە» پاڵەوان و گێڕەوەی کتێبەکە لەو کەسایەتییە تایبەتییانەی سەردەمی بەرەڤانیی پیرۆزە کە بەر لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە لایەن «ساواک»ەوە دەکەوێتە بەر پەیگەڕو لێپێچینەوەو لە ئەنجام دا ھەڵدێت. پاشتر دوای سەرکەوتنی شۆڕش و ھاتنە مەیدانی گروپەکانی نەیاری شۆڕش لە لایەن «کۆمەڵە»وە یەخسیر دەکرێت و لە دەستی ئەوانیش خۆی دەرباز دەکات. 

پەڕتوکی «ئێوارەکانی کریسکان» لە ڕاستی دا باسی خولێکی ١٥ ساڵەی ڕووداوەکان دەکات ھەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێراندا ھەتا ساڵی ١٣٧٤ی کۆچیی ھەتاوی. نووسەر لەم کتێبەدا بە شێوازێکی تایبەتی و ناوازە کۆمەڵێک بەسەرھات تێکەڵ دەکات و دەیانگێڕێتەوە. بەم پێیە خوێنەر کاتێک «سەعید زادە» دەناسێت تووشی بڕێک سەرسامی و تێک ئاڵانی ڕووداوەکان دەبێ. پاشان لە بەشی دواتردا باسی کاردانەوەی بنەماڵەکەی دەکات و ئەمجارەیان بەسەرھاتەکان لە زمانی ھاوسەری پاڵەوانی چیرۆکەکە دەگێڕێتەوەو ڕوونی دەکاتەوە.

«کریسکان» ناوچەیەکە لە «کۆی سنجق»ی کوردستانی عێراق کە بنکەی سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی تیادا بووەو «سەعیدزادە» سەردەمی یەخسیریی چوار ساڵەی خۆی لەم شوێنەدا دەداتە سەر. بە سەرنجدانی ئەوەی کە زۆربەی ڕووداوەکان لەم ناوچەیەدا قەوماون، ھەر ئەم ناوەش بۆ کتێبەکە ھەڵبژێردراوە.

جێگای ئاماژەیە کتێبی «ئێوارەکانی کریسکان» بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٣٩٤ی کۆچیی ھەتاوی لە لایەن ناوەندی پەخشی «سوورەی میھر»ەوە بڵاو بووەتەوە.

سەرپەیڤ