سلێمانی بووە گەورە و پاڵەوانی عێراق
تیمی تۆپی سەرمێزی یانەی وەرزشی سلێمانی پارێزگاری لەنازناوەکەی کرد و جارێکی دیکە بووە پاڵەوانی خولی نایابی یانەکانی عێراق.
لەماوەی رابردووداو لەرۆژانی ٢٥تا ٢٨ی ئایار، گردبووەنەوەی یەکەم لەشاری سلێمانی ئەنجامدراو یاریزانانی یانەی سلێمانیش دوای حەوت سەرکەوتنی یەک لەدوای یەک بە پێشەنگی، ئەو گردبونەوەیەیان کۆتایی پێھێنا.
دواتر ولە رۆژانی 17 تا 19ی حوزەیران بەھەمان شێوەی گردبوونەوەی یەکەم، یارییەکانی گردبوونەوەی دووەم لە شاری ھەولێر دەستیپێکرد.
یاریزانانی یانەی سلێمانی تەواوی یارییەکانی ئەو گردبوونەوەیەشیان بەبردنەوەو سەرکەوتن بەسودی خۆیان بەکۆتا ھێنا و بەشایستەیی بوونەوە بەگەورەی یانەکانی عیراق و باڵادەستی خۆیان بەسەر ئەو خولەدا سەپاندەوە.
لەوەرزی ئەمساڵدا ھەریەکە لە (عومەر ئەیاد ، حسێن عومەر، محەمەد زیاد، کۆچەر فوئاد) درێسی یانەی سلێمانییان پۆشی و بەلێھاتوویی و ئاستەبەرزی نازناوەکەیان لەیانەی دایک ھێشتەوە.
یانەی سلێمانی دوای ئەو ئەنجامانەو تۆمارکردنی ١٣ سەرکەوتنی یەک لەدوای یەک و نمایشکردنی ئاستی بەرز پارێزگاری لەگەورەیی خۆی لەسەر ئاستی عیراق کرد و لە ئێستاشدا ھەڵگری ژمارەی پێوانەییە لەدەستەبەرکردنی نازناوی خولی نایابی تۆپی سەرمێزی یانەکانی عیراق.
یانەی دایک بەھۆی بوون بە پاڵەوانی خولی عێراق، بلیتی گەیشتن بەپاڵەوانێتی یانەکانی عەرەبی بەدەستھێنا، کە بڕیارە پایزی ئەمساڵ لە عەممانی پایتەختی ئەردەن بەڕێوەبچێت.