ئێدڤۆکات:تیپی نیشتیمانیی عێراق بە نیازی ھەڵکشان بۆ مۆندیاڵە
گەورە ڕاھێنی تیپی نیشتیمانیی عێراق ڕایگەیاند: خۆمان بۆ دوو یاریی بەردەم لە مانگی سپتامبەردا لە بەرامبەر کۆریای باشووری و ئێران ئامادە دەکەین ھەتا بتوانین لەو دوو یارییەدا سەرکەوین.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئۆردووی تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی عێراق لە وڵاتی ئیسپانیا لە کاتێکدا دەستی پێ کرا کە «دیک ئێدڤۆکات» گەورە ڕاھێنی ھۆڵەندیی ئەم تیپە ڕایگەیاندووە: ئێمە خۆشحاڵین کە گەییشتووینەتە مالاگا، ھەل و مەرجەکە زۆر باشە، کەشەو ھەواکەی خۆشەو، ئێمەش ھەموومان بەنیازین بۆ مۆندیاڵ ھەڵکشێین. با ھەمووانیش بزانن کە ئێمە لێبڕاوین ئەم کارە بکەین و لەم ئاراستەیەش دا ئەوپەڕی ھەوڵی خۆمان دەدەین.
گەورە ڕاھێنی ھۆڵەندی و بە ئەزمونی عێراق لە درێژەدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە ، لە ئێستادا خۆمان بۆ دوو یاریی بەردەم لە مانگی سپتامبەردا لە بەرامبەر کۆریای باشووری و ئێران ئامادە دەکەین ھەتا بتوانین لەو دوو یارییەدا سەرکەوین. ئێمە ھەر بۆ ئەمەش ھاتووینەتە ئۆردووەکەی ئیسپانیا.
جێگای ئاماژەیە کە تیپی نیشتیمانیی عێراق لە قۆناغی کۆتایی ھەڵبزاردەی مۆندیاڵی ٢٠٢٢ی قەتەر لەگەڵ تیپی نیشتیمانیی ئێران لە گروپێکدایەو ھەردوک تیپەکە حەوتەی داھاتوو دەبێ ڕووبەرڕووی یەکتر ببنەوە.