تشرینی دووه‌م 16, 2021 23:05 Asia/Tehran
  • ئێران سێ_ سووریا سیفر، پڵینگەکانی ئێران ھەنگاوێکیان ماوە بۆ گەییشتن بە مۆندیاڵ

تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی ئێران لە شەشەمین ڕووبەڕوو بوونەوەی قۆناغی کۆتایی ھەڵبژاردنی مۆندیاڵی ٢٠٢٢ی قەتەر، سووریای بە دەرەنجامی سێ بە سیفر بردەوەو لە ئێستادا ھەنگاوێکی ماوە بۆ گەییشتن بە کێبەرکێکانی مۆندیاڵ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئێران پرێس، تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی ئێران لە چوارچێوەی قۆناغی کۆتایی کێبەرکێکانی تۆپی پێی ھەڵبژاردەی مۆندیاڵی ٢٠٢٢ی قەتەر لە کاتژمێر خەوت و سی خولەکی شەوی سێ شەممە لە سەر چوارشەممە لە یانەی «مەلیک عەبدوڵڵا»ی دووھەم لە ئۆردۆن ڕووبەڕووی نیپەکەی سووریا بووەوەو بە دەرەنجامی سێ بە سیفر شکستی پێ ھێنا.

سەردار ئازمون و ئیحسان حاج سەفی و عەلی قولی زادە ئەو یاریزانانە بوون کە گۆڵیان بۆ تیپی نیشتیمانیی ئێران تۆمار کردو بەمجۆرە بەستێنیان بۆ نزیک بوونەوەی وڵاتەکەیان لە مۆندیاڵی ٢٠٢٢ی قەتەر خۆش کرد.

تیپی نیشتیمانیی تۆپی پێی ئێران بە سەرکەوتنی لەم کێبەرکێیەدا لە ئێستادا خاوەنی ١٦ خاڵە و بەم پێیە لە ئەنجامی پێنج سەرکەوتن و یەکسانییەک و بە بێ دۆڕان ھەروا سەرپەڕی گروپی«A»ـە لەم کێبەرکێیانەدا. دوای ئێرانیش کۆریای باشووری بە ١٤ خاڵەوە لە پلەی دووھەم دایەو ئیماراتیش بە ٦ خاڵ لە پلەی سێھەم دا گیرساوەتەوە.

بە سەرنجدانی ئەو چوار یارییەی کە ھێشتا ماوەتەوەو ھەروەھا مەودای نێوان تیپەکان، تیپی نیشتیمانیی ئێران ئەگەر بێت و کێبەرکێیەکی دیکەش بباتەوەو بتوانێ مەودای دە خاڵەی خۆی لەگەڵ تیپی سێھەمی خشتەکە بپارێزێت، ھەڵکشانی بۆ قۆناغی مۆندیاڵی ٢٠٢٢ی قەتەر لەسەداسەدە.

سەرپەیڤ