کانونی یه‌که‌م 15, 2021 13:41 Asia/Tehran
  • «تارمی» لە ڕووی ژمارەی یارییەوە چووە ڕیزی ٥٠ یاریزانە ھەڵکەوتەکەی جیھانەوە

«مەھدیی تارمی» ھێرشبەرە ئێرانییەکەی تیپی تۆپی پێی «پۆرتۆ»ی پۆرتۆگال لە ڕووی ژمارەی یارییەوە چووە ڕیزی ٥٠ یاریزانە ھەڵکەوتەکەی جیھانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی میھر، تاقمی توێژینەوەی «CIES» کە کاری توێژینەوەی ئاماری دەکات لە بارەی تۆپی پێوە، پێڕستی ٥٠ یاریزانی ھەڵکەوتەی جیھان لە ساڵی ٢٠٢١ ی لە ڕووی ژمارەی یارییەوە بڵاو کردەوە.

ئەم ڕیزبەندییە بە پێی کاتی یاریی یاریزانەکان، ئاستی وەرزشیی ئەو تیپانەی کە یارییان بۆ کردوون و یان ئەو کێبەرکێیانەی کە بەشدارییان تیادا کردووە، لە یەکەمی ژانویەوە ھەتا یەکەمی دیسامبەری ٢٠٢١ ئەنجامی گرتووەو ناوی «مەھدی تارمی» ھێرشبەرە ئێرانییەکەی تیپی تۆپی پێی «پۆرتۆ»ی پۆرتۆگالیشی تیادا دەبیندرێت.

«مەھدی تارمی» ھێرشیەرەکەی تیپی نیشتیمانیی ئێران بە چوارھەزارو ٦٠٤ خولەک یاری کردن بۆ تیپی «پۆرتۆ»ی پۆرتۆگال لە ماوەی ساڵێکدا، لە ڕووی ژمارەی یارییەوە چووەتە ڕیزی چل و شەشەمی جیھانەوە.

«تارمی» لەم ڕیزبەندییەدا تەنیا حەوت پلە خوارتر لە «کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ»ی ئەستێرەی پۆرتۆگالیی تیپی «مەنچێستەر یونایتێد»دا وەستاوە.

 

سەرپەیڤ