کانونی یه‌که‌م 24, 2021 13:21 Asia/Tehran
  • فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی کۆتایی بەکارەکانی هێناو خەڵاتەکانی دابەش کرد

بەپێی ڕاگەیاندنی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی ، ١٧ خەڵات بۆ بوارە جیاوازەکانی فیلم بە بەشدارانی فیلمەکانی فیستیڤاڵەکە بەخشرا.

وەک لە ڕاگەیاندنەکەی  فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی دا ھاتووە، فیلمی “کینگز گاردن” لە دەرهێنانی (ئیرەج محەممەدی) خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی بەدەستهێنا و – فیلمی “ژووری ٢١٧” ش خەڵاتی رەخنەگرانی بۆ باشترین کورتەفیلمی کوردی وەرگرت.

هاوکات فیلمی “پاست” لە دەرهێنانی (لازیۆ زانا) خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی لە دیدی بینەرانەوە بۆ بەشی “روانگەی کوردی” بەدەستهێنا و فیلمی “من چراکە دەکوژێنمەوە” خەڵاتی دادوەرانی بۆ باشترین کورتە فیلمی کوردی وەرگرت.

لە درێژەی خەڵاتەکاندا فیلمی White Clad لە دەرهێنانی (رەزا فەهمی) خەڵاتی باشترین کوتە فیلمی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا و فیلمی Store Policy لە دەرهێنانی (سارا ئارنۆڵد) خەڵاتی دادوەرانی بۆ باشترین کورتە فیلمی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا و هاوکات فیلمی “کۆلارەکان” لە دەرهێنانی (سەیید پەیام حوسێنی) خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی کوردیی پێبەخشرا.

لەسەر ئاستی ئەکتەرەکان (دانا چووبانو) لە فیلمی Resentment خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی لە فیلمی درێژ پێبەخشرا و (جەواد عیزەتی) خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە فیلمی درێژ وەرگرت.

لە درێژەی خەڵاتەکاندا فیلمی “تاقیگەی ژمارە 2” لە دەرهێنانی (ئیدریس عەبدی و ئاوارە عومەر) خەڵاتی باشترین بەڵگە فیلمی کوردی وەرگرت و فیلمی ئێرانیی “پاڵەوانێک” لە دەرهێنانی (ئەسغەر فەرهادی )خەڵاتی باشترین سیناریۆی فیلمی درێژی وەرگرت.

ئەپیچاتپۆنگ ویراسێتاکۆل، دەرهێنەری کۆڵۆمبی خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فیلمی درێژی وەرگرت و فیلمی “Sand Women” خەڵاتی باشترین بەڵگە فیلمی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا و فیلمی “Memoria”ی کۆڵۆمبی خەڵاتی دادوەرانی بۆ باشترین فیلمی درێژ بەدەستهێنا و هاوکات فیلمی “پاڵەوانێک” لە دەرهێنانی ئەسغەر فەرهادی خەڵاتی “سنۆبەری زێرێن”ی بەدەستهێنا.

سەرپەیڤ