ئادار 10, 2022 11:34 Asia/Tehran
  • فیلمی «کۆچەری بچکۆل» لە فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی «لۆس ئانجلێس»ی ئەمەریکا نمایشکرا

فیلمی سینەمایی «کۆچەری بچکۆل» لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد «بەتین قوبادی» لە فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی «لۆس ئانجلێس» لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازیی لێکرا.

فیلمی سینەمایی کوردیی «کۆچەری بچکۆل» لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد «بەتین قوبادی»، لە بەرهەمهێنانی "محەمەد ئەحمەدی" و بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێران و تورکیا؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "لۆس ئانجلێس" Los Angeles لە سینەما "ڕۆکسە" Roxie لە شاری لۆس ئانجلێسی ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن بینەرانی ئامادەبوو لەم ڕووداوە سینەماییە و هۆگرانی هونەریی سینەماوە پێشوازیی لێکرا.

فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی «لۆس ئانجلێس» کە بە بەرپرسایەتیی خاتوو «مریەم دیپدێرە» دەرهێنەر، بەڕێوەبەری وێنەگرتن و مامۆستای زانکۆ و وەک پردێکی پەیوەندیی لە نێوان سینەمای کورد و سینەماکارانی ئەمەریکا دامەزراوە؛ لەم خولەدا بە هاوکاریی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "نۆمێد" Nomad و فێستیڤاڵی فیلمی "گەڕان" Traveling، فیلمە بەرچاوە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و هەروەها وڵاتانی جیهان کۆکردەوە و پێشکەشی  بینەرانی خۆی کرد و بڕیاروایە لە هەر مانگێکدا ئەم بەرهەمانە و فیلمە نوێیە سینەماییەکان لە ویلایەتە جۆراوجۆرەکانی ئەمەریکا نمایش بکرێت.    

لە فیلمی سینەمایی "کۆچەری بچکۆل"دا کۆمەڵێک ئەکتەری کورد و ئێرانی و تورکیا لەوانە: "فەڕشید گەوێڵی"، "نادر فەلاح"، "پەریا وەزیری"، "عەزیز چابکورت"، "سوات ئوستا" و "محەمەد رەزا عەقدایی" لە تەنیشت دوو ئەکتەری منداڵ "یۆسف مەحموود عەبدوالقادر" و "محەمەد مەحموود عەبدوالقادر" ڕۆڵیان بینیوە.

"کۆچەری بچکۆل" دووهەمین بەرهەمی درێژی "بەتین قوبادی"، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "دەرهێنەرە نوێیەکان" لە چل و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سائۆ پائۆلۆ" São Paulo لە وڵاتی بڕازیل و لە درێژەدا لە یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" MKFF و هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" لە هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" Duhok لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا.

سەرپەیڤ