May 08, 2022 10:26 Asia/Tehran
  • زایەڵەی دەف و تەمبوور لە پاڵنگان

سەدان دەفژەن لە ئاھەنگێکی شکۆمەند دا لە ئاوایی پاڵنگان ، لە گەڵ کۆڕی تەمبوورژەنان ھاودەنگ بوون تا عیرفان و ھونەر بچێتە نێو چوارچێوەی ھەورامان . ھەورامانی شوێنەواری جیھانیی تۆمارکراو .

پاڵنگان لەسەر بناری کێو و لە دوو لای دۆڵێک ھەڵکەوتووە و خانووبەرەکانی بە بەرد و زیاتر بە شێوەی پلیکانیی دروست کراون و سەربانی ھەر ماڵێک ، حەوشەی ماڵەکەی ژووریەتی و رووباری تەنگی وەر کە بە نێو گوندەکەدا تێدەپێەڕێ ، کردوویە بە دوو کەرت . خانووبەرەکانیش زۆربەیان بە وشکە بەرد رۆنراون .

لەم ئاھەنگە بێ وێنەیەدا خەڵکانێکی ئیجگار زۆر بەشدار بوون و بە سەدان کوڕ و کیژ بە جلوبەرگی جوانی کوردی لەسەر بان و تەنانەت کوچە و کۆڵانەکانی ئاواییەکە دەف بە دەست راوەستابوون و چاوەڕوانی دەرچوونی فەرمانی رێبەری کۆڕەکە بوون .

کاتێ فەرمانی لێدانی دەفەکان درا ، دەنگ و سەدای ئەو ھەموو دەفە ، لە دۆڵەکە و لە ئاواییەکە گەڕا و ئەو ناوە بە مۆسیقای دەف یەکسەر جۆش و خرۆشێکی عیرفانیی تێگەڕا .

کاتێ کە گروپی تەمبوورژەنانی کرماشانیش دەستیان بە لێدانی تەمبوورەکانیان کرد ، ئیتر دەنگی دەف و تەمبوور ، بەردو شاخی ھەورامانیشی خستە سەمایەکی ئاسمانیی .

دەنگی تەمبوور و دەف و ھاژەی رووبار ، مۆسیقایەکی وا سێحراوییان لەو چیا و دۆڵە سازکردبوو کە ھەستی مرۆڤی ئاوێتەی دونیایەکی خایاڵاوی دەکرد و دەیبردەوە لای وەسفە جوانەکەی گۆرانی نەمر لە ھەورامان :

کۆمەڵە شاخێک سەخت و گەردن کەش

ئاسمانی شینی گرتۆتە باوەش؛

سەرپۆشی لووتکەی بەفری زۆر سپی

بە دارستان ڕەش ناودۆڵی کپی

جۆگەی ئاوەکان تیایا قەتیس ماو:

هەر ئەڕۆن ناکەن پێچی شاخ تەواو

هاوار و هاژەی کەف چەڕێنی چەم

بۆ تەنیایی شەو لایەلایەی خەم!

توولەڕێی باریک، تووناوتوون پشکن

ڕێبوار ئەخاتە ئەندێشەی بێ بن

ناو ڕێگا تەق تەق، لاڕێ بەردی زل

کە هێشتا گەردوون پێی نەداوە تل!

گا سەرەوژوورە، گا سەرەوخوارە

تاڵی و شیرینیی دنیای ڕێبوارە!

سەرپەیڤ