حوزه‌یران 14, 2022 19:09 Asia/Tehran
  • پێداگرتن لە سەر پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانی ئێران و عێراق لە بواری موسیقا

بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری موسیقای وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێران و بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری موسیقای وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق لە بارەی ھاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات لە بواری موسیقا دیدارو وتووێژیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «موحەممەد ئەڵڵا یاری» بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری موسیقای وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێران لە دیدار لەگەڵ «عەلاء مەجید» بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری موسیقای وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق لە تاران وتی: ئێران ئامادەیە یارمەتیی پەیوەندیی نێوان ھونەرمەندانی بواری موسیقا لە ئێران و ھونەرمەندانی بواری موسیقا لە عێراق دا بدات.

«ئەڵڵا یار» وتیشی: بەشداریی تیپەکانی موسیقای عێراق لە فستیڤاڵی موسیقای فەجرو کۆڕەجێژنی نیشتیمانیی موسیقای لاوان لەو نمونانەیە کە تیپەکانی عێراق لە میانەی دا دەتوانن لە ئەزمونەکانی ئێران کەڵک وەربگرن.

بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری موسیقای وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێران وتیشی: کۆڕەجێژنی نیشتیمانیی موسیقای لاوان، گرینگترین کۆڕەجێژنی دۆزینەوەی بەھرەمەندان و گۆشکردنی بەرەی لاوە لە ئێرانداو گەلێک لە مامۆستایانی موسیقا لەو باوەڕەدان کە وەھا کۆڕەجێژنێک لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناڤین دا ناوازەیە.

«عەلاء مەجید» بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری موسیقای وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراقیش وێڕای پێداگرتن لە سەر ھاوبەشییە کلتوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق وتی: ھەردووک وڵات لە بوارەکانی مەقامگەلی موسیقا خاڵی ھاوبەشیان زۆرەو تەنانەت شێوازی ژەندن و گیانی موسیقا لە نێوان ئێران و عێراق یەکێکە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری موسیقای وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق وتیشی: ئەو دەزگایانەی موسیقا کە لە ئێران و عێراق دا بەکار دەھێندرێن ھاوبەشن و جەماوەری عێراقیش ھۆگرییەکی زۆریان بەرامبەر بە موسیقای ئێرانی ھەیەو لە ترۆمبیلەکانیاندا گوێ لە موسیقای ئێرانی دەگرن.

سەرپەیڤ