لە بوومەلەرزەکەی تورکیادا سێ لەژیۆنەری کەمئەندامی تۆپی پێی ئێران گیانیان لەدەست دا
سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کەمئەندامانی ئێران، گیان لەدەست دانی سێ لەژیۆنەری ئێرانیی لە بوومەلەرزەکەی تورکیادا ڕاگەیاند.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، «جەعفەر عەسکەری» بەرپرسی یەکێتیی تۆپی پێی کەمئەندامانی ئێران، گیان لەدەستدانی سێ یاریزانی نیشتمانیی بە ناوەکانی «محەممەد ڕەزا میر ئەحمەدی»،«مەهدی سەعیداوی» و«حامید مەتروودی» لە بوومەلەرزەکەی تورکیا پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: تەرمی ئەم یاریزانانەی ئێران کە ئەندامی تیپی «بەلەدیە سپۆر»ی شاری «مالاتیا» بوون، ئەمڕۆ دوای ٧٢ کاژێر لەژێر داروپەردووی ھوتێل «کرچواڵ»ی ئەم وڵاتە دەرھێنران.
لەگەڵ بوومەلەرزەکەی باشووری تورکیا، وەزارەتی وەرزش و فیدراسیۆنی گیانبازان و کەمئەندامانی ئێران بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ئەم سێ یاریزانە کەمئەندامەی تۆپی پێی وڵات دەکرد.
بەڕێوەبەری مارکێتینگی هۆتێل «کرچواڵ» لە تورکیا وتی: بڕی وێرانکاریی ئەم هۆتێلە بەجۆرێکە کە بووەتە هۆی ئەوەی دەستڕاگەییشتن بە گیرخواردووانی ژێر داروپەردووی ھوتێلەکە دژوار بێت.