شوبات 18, 2023 10:00 Asia/Tehran
  • جەژنی میعراج و ھەڵبژێردرانی پێغەمبەری سەردار(ص) پیرۆز بێت

ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی ڕەجەبی ساڵی ١٤٤٤ی کۆچیی مانگی، ڕێککەوت لەگەڵ ١٨ی فڤریەی ٢٠٢٣ی زایینی جەژنی میعراج و ھەڵبژێردرانی پێغەمبەری سەردار (ص)ـە.

جەژنی میعراج یان ھەمان مەبعەسی پێغەمبەری سەردار(ص) ئەو ڕۆژەیە کە حەزرەتی موحەممەد (د.خ) لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا، لە ئەشکەوتی حەرا، بەھۆی حەزرەتی جبرائیلی ئەمینەوە شانازیی پێغەمبەرایەتیی خوداوەندی سوبحانی پێ بەخشراو وەک دوایین ناردراوو پەیامھێنەری ئاشتی و ڕەحمەت بۆ تەواوی مرۆڤایەتی ھەڵبژێردرا.

حەزرەتی موحەممەد(ص) دوایین باڵوێزو ناردراوی خوداوەندە لە نێو پێغەمبەرە مەزنەکانی حەزرەتی یەزدان کە لە ڕۆژی ٢٧ی مانگی ڕەجەب لە ساڵی ٤٠ی «عامولفیل»ەوە بۆ پێغەمبەرایەتی ھەڵبژێردرا بەو ئامانجەی کە کۆمەڵگەیەکی کەم ئاوەز، کە لە جەهل و ڕەوشت نزمی دا نوقم ببوو، بەرەو ڕەوشتی بەرزو، کەرامەتی مرۆڤ و نەوس بەرزی بانگێشتن بکات.

میعراج و ھەڵبژێردرانی پێغەمبەری سەردار(ص) وەک سەرەتای پێکهاتنی گەورەترین شارستانیەتی ئیسلامی و ئەخلاقی لە جیهاندا هەژمار بکرێت، کە بە درێژایی مێژوو مرۆڤی لە پیسبوونی ھزری و بڕوایی  دەرباز کردووەو پاراستوویەتی.

پێغەمبەری گەورەی ئیسلام بە موعجیزەی قورئانی پیرۆز وەک باشترین و تەواوترین کتێبی ئیلاهی نێردراوە، ڕووداوێک کە لە ڕاستی دا تەقینەوەی ڕووناکی و سەرهەڵدانی بەها مرۆڤیەکان بووە لە گۆڕەپانی ژیانی مرۆڤایەتی دا.

بەڕێزی لەگەڵ دابەزینی پەڕتوکی ئاسمانیی قورئانی پیرۆز بناغەی چەمکێکی نوێی لە ڕووی ڕێزگرتن لە ئافرەتان و کچان، بەرەنگاربوونەوەی ستەم و بتپەرستی، یارمەتیدانی هاوچەشنەکان، تاقانەویستی و یەکتاپەرستی و ڕەوشتی بەرزی لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا داناو ڕێگای مرۆڤ بۆ گەییشتن بە خێرو بەختەوەریی دنیاو دواڕۆژی ڕوون کردەوە.

کەناڵی ئاسمانیی سەحەری کوردی گەییشتنی ئەم جەژنە گەورەیەی موسڵمانانی جیھان، ساڵگەڕی میعراج و ھەڵبژێردرانی پێغەمبەری سەردار(ص) لە ھەموو بڕوادارانی جیھان پیرۆز دەکات.

سەرپەیڤ