ئه‌یلوول 02, 2023 20:09 Asia/Tehran
  • دۆزینەوەی چێشتخانەیەکی هەزار ساڵە لە کوردستانی تورکیا

لە درێژایی کاری هەڵکۆڵین و کنە و پشکنینی شوێنەواری لە بەشێک لە قەڵای خارپێت لە پارێزگای ئەلعەزیزی کوردستانی تورکیا ، چێشتخانەیەکی تەمەن هەزار ساڵە دۆزرایەوە کە بە گوتەی شوێنەوارناسان لەوێوە خواردن و خواردنەوە بۆ خەڵک (فەرماندە و سەربازەکان)ی ناو قەڵاکە ئامادە کراوە.

ئەم قەڵا مێژووییە کە لە لیستی کەلەپووری جیهانیی یۆنسکۆدا تۆمار کراوە، چەندین سەردەمی مێژوویی وەک ڕۆمانی، بیزەنتینی، ساسانی، ئەرتوکولو، سەلجووقی، دولکدیرئۆغلاری، سەفەوی و عوسمانیی بینیوە و ٣٠٠ ساڵ پێش زایین خەڵك لەم قەڵایەدا نیشتەجێ بووە. بەڵام بە گوتەی هەندێ سەرچاوە، مێژووی ئەم قەڵایە زۆر لەوە کۆنترە کە باس دەکرێت، واتا ئەم قەڵایە لە سەرەتاوە لە سەردەمی ئورارتوییەکان، واتا سەدەی هەشتی پێش زایین دروست کراوە.

 لە ئەنجامی ئەم کنە و پشکنینە شوێنەوارییەدا هەشت تەنووری ئاگر و چەند قاپێکی دروستکراو لە شووشە و چەندین گۆزە و کەلوپەلی چێشتخانە دۆزراونەتەوە کە بۆ کاروباری رۆژانەی چێشتخانەکە بەکار هاتوون. بێجگە لەمانە، لەنێو کەلوپەلە دۆزراوەکانی ناو ئەم چێشتخانەیەدا چەند پارچەیەک ئێسکی ئاژەڵ دۆزراوەتەوە.

 بە گوتەی شوێنەوارناسە بەشداربووەکانی ئەم هەڵکۆڵینەوەیە، مەزەندە دەکرێت ئەم چێشتخانەیە تا ساڵی ١٨٦٠ کارا بووبێت و ئیشیان پێ کردبێت.

بڕیارە لەدوای تەواوبوونی کاری هەڵکۆڵینی شوێنەواری بۆ ئەم بەشەی قەڵاکە، چێشتخانەکە بە رووی سەردانیکەراندا بکرێتەوە و کورتەیەک لە مێژوو و چیرۆکی ئەم بەشە وەک نووسراوێک بۆ سەردانیکەران دابنرێت.

کورتەیەک لەسەر مێژووی قەڵای خارپێت

قەڵای خارپێت، یەکێکە لە شوێنەوارە مێژوویی و ناسراوەکانی باکووری کوردستانە کە لەلایەن ئورارتییەکانەوە بنیات نراوە. ئەم بینا ئەندازیارییە لەسەر نەخشەیەکی لاکیشەیی دروست کراوە و لە دوو بەشی دەرەوە و ناوەوە پێک هاتووە.

سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە بیناسازیی ئەم قەڵایەدا لەجیاتی ئاو، شیر تێکەڵ بە کەرەستە بیناسازییەکان کراوە، بۆیە ئەم قەڵایە، ''قەڵای شیر''یشی پێ دەگوترێت.

 

 

 

سەرپەیڤ