تشرینی یه‌که‌م 04, 2023 21:22 Asia/Tehran
  • شوێنە گەشتیارییەکانی شاری قوروە

شاری قوروە لە دەشتێکی بەربلاودا لە ڕۆژهەڵاتی سنە و باکووری ڕۆژاوای هەمەدان هەڵکەوتووە کە ئەو دەشتە لە باکوورەوە دەگاتە شاری بیجاڕ و لە باشوورەوە بە پارێزگای کرماشان سنووردار دەبێتەوە.

شاری قوروە تا پێش ساڵی 1337 لە ڕیزی شارەکانی هەمەدان دەهاتە ئەژمار بەڵام دوای ئەوە بە پێ بڕیاری دەسەڵاتدارانی ئێران بووە بەشێک لە پارێزگای کوردستان.

لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری قوروە دەتوانین ئاماژە بکەینە سەر:

کانیاوی دنگز

کانیاوی دنگز یەکێک لە گرینگترین کانیاوەکانی کوردستانە کە لە 18 کیلۆەمتری شاری قوروە و لە گوندی بابەگوڕگوڕ هەڵکەوتووە. ئەو کانیاوە کە لە دڵی زەوییەوە هەڵدەقوڵێت لە مەلەوانگەیەک بە پانتایی 200 مەتر کۆ دەبێتەوە. ئەو ئاوە بەهۆی بوونی مادەی کانگایی بەتایبەتی گووگرد ڕەنگێکی سووری هەیە کە بۆ دەرمانی نەخۆشینی پێستی و ئێسقان بەکاری دەبەن.

ئەشكەوت و بەردە مێژووییەکان فەرهادتاشی وێنسار

لە نزیک 35 کیلۆەمتری ڕۆژهەڵاتی شاری قوروە لەسەر کێوێکی بەرز، پاشماوەکانی کانگایەکی گەورەی بەرد هەیە کە لە باری جۆر، ئەندازە و شێوەی بەردەکانییەوە تایبەتمەندی بەرچاوی هەیە. خەڵک پێیان وایە کە ئەو بەردانە پێوەندیان بە چیرۆکی شیرین و فەرهادەوە هەیە. لە لای ڕۆژهەڵاتی هە،ان کێودا ئەشكەوتێک هەیە کە ئورل ستین ڕۆژهەڵات ناسی ئەورووپی لە کاتی لێکدانەوەی ناوچەی ڕۆژاوای ئێران ناوی لێبردووە و وادیارە سەردانیشی کردووە.

حەمامی قەسڵان

حەمامی قەسڵان لە گوندی قەسڵان و لە 6 کیلۆمەتری باکووری ڕۆژهەڵاتی قوروەدایە. مێژووی چێ کرانی ئەو حەمامە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زەندیە و حکومەتی خەسرەوخانی یەکەم والی ئەو کاتەی کوردستان. ئەو حەمامە لە ساڵی 1255 ی کۆچی مانگی و لە سەردەمی ئاسەف خانی دەسەلاتداری ئەو کاتە سنە نوێ کراوەتەوە.

ناوچەی پارێزراوی بەدر و پەرێشان

ئەو ناوچەیە بە ڕووبەری 43 دۆنم لە مەودای 12 کیلۆمەتری باشووری شاری قوروە جێی گرتووە. بەدر و پەرێشان ناوچەیەکی کوێستانییە کە لە کێوی بەردینە، دۆڵ، تەپۆڵکە و بەرزایی پێک هاتووە و تێیدا کانیاوی زۆر دەبینرێت. هەروەها دەتوانین ئاماژە بکەین کە تێیدا ئاژەڵگەلێک وەکوو کەڵ و بزن تێیدا ژیان دەکەن و لە ساڵی 1375 ەوە وەکوو ناوچەیەکی قەدەغەی ڕاو ناسێندراوە.

دەریاچەی سەراوی کەوسەر

دەریاچەی سەراوی کەوسەر لە یەک کیلۆمەتری باشووری شاری قوروە هەڵکەوتووە. ئاوی دەریاچەکە لە کانیاوەکانی دەوروبەرییەوە دابین دەبێت. لە نێو ئەو دەریاچە بچووکەدا دوورگەیەکی بچووک سەری هەڵێناوە.

پردی فەرهادئاوا

پردی فەرهادئاوا لە 45 کیلۆمەتری باکووری ڕۆژاوای شاری قوروە لە گوندی فەرهادئاوا لە سەر ڕێگای کۆنی بیجاڕ لەسەر ڕۆخانەی بایتمەر چێ کراوە.پردی فەرهادئاوا 8 کۆڵەکەی هەیە و 80 مەتر درێژایی هەیە کە مێژووەکەی نادیارە بەڵام بە پێی شێوەی نەژیارڤانییەکەی وادیارە هی سەردەمی سەفەویەیە کە لە سەردەمی خەسروخانی والی سنە نوێ کراوەتەوە.

تاڤگەی کانی شاپەسەن

تاڤگەی کانی شاپەسەنە لە درێژایی کانیاوێک هەر بە ئەو ناوەوە بە بەرزایی نزیک بە 20 مەتر جێی گرتووە . کانی شاپەسەن کانیەکی جوانە کە لە بەرزایی 2600 مەتری لای ڕۆژاوایی ناوچەی بەردی شاری قوروە جێی گرتووە.

 

سەرپەیڤ