تشرینی یه‌که‌م 17, 2023 23:35 Asia/Tehran
  • هەرێمی کوردستانی عێڕاق ؛ میوانداری جامی جیهانی تۆپی پێی کۆنیفا 2024

وابڕیارە ساڵی داهاتوو هەرێمی کوردستانی عێڕاق پێشوازی لە پاڵەوانێتی کۆنیفا بۆ تۆپی پێ بکات و بڕیارە لەسەرجەم یاریگاکانی پارێزگاکانی هەرێم یارییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت .

ساڵی داهاتوو هەرێم میوانداری پاڵەوانێتی جامی کۆنیفا دەکات، کە پێکهاتوون لەو یانانەی ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی “فیفا”نین .

مافی میوانداریکردنی پاڵەوانێتی جامی “کۆنیفا 2024”ی ھەرێمەکان، لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو بە هەرێمی کوردستانی عێڕاق بەخشرا و یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانیش ڕایگەیاند، یارییەکان لە یاریگاکانی هەرێم بەڕێوەدەچن.

بڕیارە یارییەکانی جامی کۆنیفا لە یاریگاکانی فرانسۆ هەریری، زاخۆی نێودەوڵەتی، دهۆک، سلێمانی بەڕێوەبچن، پێشبینی دەکرێت ١٦ هەڵبژاردەی هەرێمەکان بەشداری جامی کۆنیفای 2024بکەن.

ئەمساڵ شاندی “کۆنیفا” سەردانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق کرد بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ئەمنی و یاریگاکانی هەرێم، دوای ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بڕیاردرا یارییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق بەردەوام بێت.

سەبارەت بە لۆگۆی جامی کۆنیفای 2024، سیروان نەجمەدین، سکرتێری یەکێتیی تۆپی پێی هەرێمی کوردستانی عێڕاق ڕایدەگەیەنێت، لۆگۆی کۆنیفای 2024 لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان بە سروشتەکەی ناسراوە، هەربۆیە چیا و سەوزایی لە لۆگۆ بەدی دەکرێت، لەلایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستانی عێڕاق سامانێکی گەورەی ئاژەڵی هەیە کە جێگای شانازیی ئێمەیە لە دەرەوەی کوردستان، دوو ئاژەڵمان هەیە زۆر بەناوبانگن، یەکێکیان کەوە و ئەوەی دیکەیان بزنی کێوییە.

کۆنیفا کورتکراوەی کۆنفێدراسیۆنی یەکێتییە سەربەخۆکانی تۆپی پێیە و رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە، نوێنەرایەتی ئەو تیمانە دەکات کە ئەندامی فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ نین.

یەکێتیی کۆمەڵە سەربەخۆکان بۆ تۆپی پێ “کۆنیفا ” رێکخراوێکی جیھانیی قازانج نەویستە و پشتگیری لە ھەڵبژاردەکانی تۆپی پێی ھەرێمەکان دەکات، کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2013 دامەزراوە و یەکەم پاڵەوانێتیش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 بە بەشداریی 12 ھەڵبژاردە لە سوید بەڕێوەچوو، ساڵی ڕابردوو لەکۆی ھەشت ھەرێم بۆ داواکردنی میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکان، دواجار مافی میوانداریکردنی چوارەمین وەشانی جامەکە بە ھەرێمی کوردستان بەخشرا.

 

سەرپەیڤ