ئادار 06, 2024 11:00 Asia/Tehran

جەمشید عەندەلیبی مۆسیقار، ئاوازدانەر و ژەنیاری ئامێری نەی، سێشەممە بە هۆی وەستانی دڵی، لە تەمەنی شەست و شەش ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

"جەمشید عەندەلیبی" لەدایکبووی دوازدەی ڕەشەممەی ساڵی هەزار و سێسەد و سی و شەشی هەتاوی لە شاری سنە بوو، ئەو سەرەتا بە بێ ئەوەی مامۆستایەکی هەبێ، فێری ژەندنی نەی بوو و پاشان کە چووە زانکۆی تاران و لەگەڵ حسێن عمومی ئاشنا بوو، فێری تەکنیکەکانی ئامێری نەی بوو. مامۆستا عەندەلیبی ڕەدیفی مۆسیقای سوننەتی ئێرانی لای مامۆستایان  " نصرالله ناصح‌پور" و "نورعلی برومند" و "محمدرضا لطفی" فێر بوو.

مامۆستا جەمشید عەندەلیبی ساڵی هەزار و سێسەد  شەستی هەتاوی بۆ فێربوونی تەکنیکە پێشکەوتوو و مۆدێڕنەکانی ژەندنی ئامێری نەی چوو بۆ شاری ئیسفەهان بۆ لای مامۆستا حەسەن کەسایی. 

مامۆستا عەندەلیبی بەشدار بووە لە بەرهەم هاتنی بەشێکی زۆر لە بەرهەمە شازەکانی مۆسیقای ئێران لەوان بیداد، نوا، دستان، دود عود، آسمان عشق، یاد ایام، رسوای دل، پیام نسیم، دل مجنون و سرو چمان. مامۆستا عەندەلیبی هاوکارییەکی نزیکی لە گەڵ محەممەدڕەزا شەجەرەیان مامۆستای ئاوازی سوننەتی ئێرانیش هەبووە.

سەرپەیڤ