درێژەی پەلاماری رژیمی زایۆنیستی بۆسەر غەززە، کەناری رۆژاوا، لوبنان و سووریا
سەرباری ئاگربڕ لە غەززە، چەکدارانی سوپای رژیمی زایۆنی جارێکی دیکە پەلامارە ئاسمانییەکانیان بۆسەر کەرتی غەززە بەردەوام کرد کە بەپێی ڕاپۆری سەرچاوە فەلەستینیەکان، لەو پەلامارانەدا، فەلەستینیەک شەهیدو پێنج کەسیش بریندار بوون.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کەرتی غەززە ئەمڕۆ بەڕاگەیاندنی ئەوەی کە تەرمی قوربانیان گوێزراوەتەوە نەخۆشخانەکانی غەززە، ڕایگەیاند، لە دەسپێکی شەڕ دژی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە تائێستا، ٧٣هەزار و ٤٢٠ کەس شەهید و ١٧٤هەزار و ٣٦٩ کەسیش بریندار بوون. بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فەرمیی فەلەستین"وەفا"؛ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای زایۆنی چەند ناوچەیەکیان لە نزیک شەقامی سەلاحەدین لە بەشی ناوەندیی کەرتی غەززەش بۆردومان کرد. بەپێی هەواڵێکی دیکە، چەکدارانی زایۆنی هێرشیان کردەسەر گوندی تیاسیر لە رۆژهەڵاتی توباس، شارۆچکەی بەیت فەججار لە باشووری بەیت لەحم، شارۆچکەی تەمون لە باشووری توباس و شاری تولکەرم.
رژیمی زایۆنیستی هەروەها جارێکی دیکە ئاگربەسی لوبنانی بەزاندووەو پەلاماری ناوچەیەک لە باشوری ئەو وڵاتەی داوە. بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی "النشرە" رژیمی داگیرکەری زایۆنیستی لە درێژەی پێشێلی ئاگربەسی لوبنان، ناوچەیەک هەڵکەوتوو لەنێوان دوو ناوچەی "سرێبین" و "ڕەشاف" لە باشووری ئەو وڵاتەی بۆردومان کردووە. سەرچاوە لوبنانییەکان دەڵێن؛ رژیمی داگیرکەر هەروەها ناوچەی "وادی سلوقی" لە باشووری لوبنانی تۆپباران کردووە. میدیا سوریەکانیش ڕایانگەیاند؛ چەند کاتژمێر پاش هێرشی خۆفڕیی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر گردووپەڕی دیمەشق، چەکدارانی رژیمی زایۆنیستی لە چوارچێوەی هێزێکی گەشتلێدان چوونەتە چەند شوێنێکی پارێزگای قونەیتەرەی سووریا. ئەو چەکدارانەی سوپای زایۆنیستی لە جاددەی "جاثا خشب" و ئاوایی "ئوفانیا" لە باکوری پارێزگای قونەیتەرە، بنکەیەکی پشکنینیان داناوە. چەند کاتژمێر لەمەوبەریش خۆفڕێکی سوپای رژیمی زایۆنیستی، هاووڵاتییەکی سووری لە گردووپەڕی دیمەشق بەئامانج گرت و هاوکات، شەش ئۆتۆمبیلی سوپای داگیرکەر لە دەورووبەری قونەیتەرە بەرەو ناوچەی داگیرکراوی جۆلان پێشڕەوییان کرد. پەلامارەکانی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر سووریا لە کاتێکدایە کە حکومەتی جۆلانی لەوبارەوە بێ دەنگەی کردووەو وەزیری دەرەوەی سووریاش باس لە ئەگەری دانوستان لەگەڵ رژێمی زایۆنیستی دەکا.