نیسان 19, 2023 09:18 Asia/Tehran
  • ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: وڵات پێویستی بە ئارمانج خوازی و ئومێد و ژیرمەندییە

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وتی: بەپێچەوانەی خواستی دوژمن، کۆمەڵگەی خوێندکاری دەبێ لە ئاسۆی درێژخایەنی ڕوانگەو هەوڵەکانی دا بەدی ھێنانی گۆڕانکاری لە زەین و واقیعی کۆمەڵگای ئێران و پاشان بەدی ھێنانی گۆڕانکاری لە زەین و واقیعی جیهان دا، ھەبێت.

ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ پتر لە هەزار ئەندامی ڕێکخراو و چالاکانی جۆراوجۆری خوێندکاران، خوێندکارو چالاکییەکانیان و بابەتەکانی پەیوەست بە خوێندکاریی بە دەرفەت و بەهایەک بۆ وڵات زانی و وێڕای پێداگریی دووبارە لە سەر پێویستیی پتەوکردنەوەی بناغەکانی مەعریفەو زانستی خوێندکاران و گروپەکانی خوێندکاری، دادپەروەریی بە یەکێک لە بناغەکانی مەعریفەو زانست زانی و وتی: گرنگترین نموونەی دادپەروەری نەهێشتنی نایەکسانییە.

بەڕێزی سەبارەت بە ئازادی وەک بنەمایەکی تری مەعریفە وتی: لە ڕوانگەی ئیسلامەوە،ڕزگاربوون لە چوارچێوەو داخوازیی ماددی،گرنگترین بەشی فەکتەری ئازادییە کە ڕێگا بۆ پێشکەوتن و بەرزبوونەوەو دەربازبوون لە چەقبەستوویی،بیروشکی،دەمارگرژی،کۆنەپەرستی،زلهێزەکان و دیکتاتۆرەکان و سنوورو بەرتەسکییەکانی دیکە، خۆش دەکات.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا لە نێو ئاپۆڕەی چالاکانی خوێندکار، وێڕای دژایەتی کردنی ئەوانەی وا چالاکیی خوێندکاری بە هەڕەشە دەزانن، پێی داگرت: بۆچوونی یەکلاکەرەوە و لێبڕاوانەی من ئەوەیە کە خوێندکار، چالاکیی و داواکارییەکانی، هەستی بە بەرپرسیارێتی کردنی بەرامبەر بە پرسەکانی وڵات، پاڵنەر و خولیای بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئامادەبوونی بە جۆش و خرۆشی لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان و بۆنە سیاسییەکان دەرفەت و بەهایەکی گەورە دێتە ئەژمار.

بەڕێزی دروست کردنی دووجەمسەریی لە نێو کۆمەڵگەی خوێندکاری و وڵاتدا، بە بۆچوون و ڕوانگەیەکی ناڕاستبینانەو ھەروەھا داخوازیگەلی بێ دەستپێشخەری و پێشنیارکردنی ڕێگاچارەی زانستی و کردەیی، بە خورۆی چالاکییەکانی خوێندکاری زانی و وتی: ھەنگ و پەلە، بینین و چڕبوونەوە لەسەر خاڵە نەرێنییەکان و پشتگوێخستنی خاڵە ئەرێنی و گەشاوەکان، گرژی، گۆڕینەوەی گرفتە خۆجێییەکان بە گرفتی نەتەوەیی، چالاکی بە مەبەستی خۆنواندن، نوقم بوون لە کەشی مەجازیش ئافاتێکی دیکەی چالاکییەکانی خوێندکاران دێتە ئەژمار.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژەدان بە ستراتیژیای دوژمن بۆ ڕەشبینکردنی گەلی ئێران بەرامبەر بە خۆی و تواناکانی، وتیشی: فەزای مەجازی بە ھەر حاڵ ڕاستی و واقیعێکە، بەڵام هەندێک کەس لە کەشی مەجازی دا خۆیان دەدەنە بەر لافاوی هەواڵ و ناوەڕۆک و شیکاری و ھەرچییەکیشیان دەست دەکەوێ بڵاوی دەکەنەوە، لە کاتێکدا کە دەبێ هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی لەم کەشەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا هەواڵ و شرۆڤەی دروست بڵاوبکەنەوە.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بە ئاماژەدان بە ئەگەری دروست بوونی گۆڕانکاریی نەرێنی لەسەر دەستی کەسانی لادەر، گەنجانی بۆ جوڵانەوە بە ئاراستەیەکی ڕاست و ھێزمەندکردنی بناغەی ئایینی، زانستی، فیکری و خۆبژێر ڕاسپاردو وتی: ئەوەی لەم بوارەدا زیاتر بە خۆی دا ڕایگات، سبەی کاریگەرییەکی زیاتریشی دەبێت.

بەڕێزی ناسناوی «خوێندکار»ی بەھاوتەریب و ھاونشینی ناوگەلێکی وەک مەعریفە، گەنج، چالاکی ، داهێنان و نوێبوونەوە، و هەستی مرۆڤ دۆستانە لەوانە دوژمنایەتی کردن لەگەڵ گەندەڵی و نادادپەروەری زانی، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە ، بۆ خوێندکار لە ھەموو ئەمانە گرینگتر ھەبوونی بناغەیەکی ھزرییە کە دەبێ پتەوی بکەنەوە کە ئەم پتەوکردنەوەیەش بە واتای داخستنی چالاکییەکانی دیکە و خۆخەریک کردنی ڕەھا بە بیرکردنەوە و خوێندن نییە، بەڵکو دەبێ ھاوتەریب لەگەڵ چالاکیی خوێندکاری ،پەیوەندی بە سەرچاوە ئایینی و مرۆڤیەکانیشەوە بکات و لەگەڵ بیرمەندان و ھزروانانی جێی متمانەش دا ھەڵس و کەوتی ھەبێت.

سەرپەیڤ