بەردەوامبوونی جەنایەتەکان لە غەززە هاوکات لەگەڵ دەرکرانی بڕیاری گرتنی نتانیاهو وگالانت
لە ٤١٣ـەهەمین ڕۆژی شەڕ و ژینۆسایدی زایۆنییەکان لە غەززە، لە کاتێکدا کە کەشی زاڵ بە سەر ئەم شەڕە، کەوتۆتە بن کاریگەریی بڕیارەکەی دادگەی لاهە سەبارەت بە گرتنی نەتانیاهوو و گالانت؛ سوپای داگیرکەر یەک ئان وساتیش دەس هەڵناگرێ لە جەنایەتەکانی لە غەززە و ئەمڕۆیش زایۆنییەکان بە بۆردومان کردنی نەخۆشخانەکانی کەماڵ عدوان و ئەلعەودە و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززە، هەژدە فەلەستینیی دیکەیان شەهید کرد.
هاوکات ڕێکخەری کاروباری مرۆڤدۆستانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچە فەلەستینییەکان وشداری داوە سەبارەت بە راگیردرانی پرۆسەی بەڕێکراوی یارمەتیی خۆراکی، دەرمانی، ئاو و سووتەمەنی بۆ کەرتی غەززە و رایگەیاند ئەم مەسەلە مەترسییەکی قورسە لە سەر دوو ملوێن فەلەستینی.
لەلایەکی دیکەوە زۆرێک لە وڵاتان پاڵپشتیی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بەم بڕیارەی دادگەی نێودەوڵەتی و ئامادەییان دەربڕیوە بەرامبەر بەوەی کە بێتوو نەتانیاهوو و یان گالانت بێنە نێو خاکیان، خێرا دەستبەسەر دەکرێن.
حەماسیش پێشوازی کردووە لە دەرکرانی ئەم بڕیارە و لە بەیاننامەیەکدا ئەو هەنگاوەی بە "ڕووداوێکی مێژوویی و پێداچوونەوەیەک بە سەر ڕێگای دوور و درێژی نادادگەری دژ بە گەلی فەلەستین و چاونوقاندنی گوماناوی بە سەر جەنایەتە کارەساتبارەکان لە ماوەی ٧٦ ساڵ داگیرکەری فاشیستی" وەسف کرد.
پاش دەرکرانی بڕیاری گرتن بۆ «بنیامین نتانیاهو» و «یوآو گالانت»، چینیش ئەمڕۆ داوای لە دیوانی نیودەوڵەتیی داد کرد کە دەور و ڕۆڵی خۆی بەجێ بێنێ.
دوو دەوڵەتی ئیرلەند و سلۆڤینیایش ڕایانگەیاندووە بڕیاری دیوانی نێودەوڵەتی داد سەبارەت بە گرتنی نەتانیاهوو جێبەجێ دەکەن.
ڕەشیدە تەلیب لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکایش پێشوازی کردووە لە بڕیاری دیوانی نێودەوڵەتی داد سەبارەت بە گرتنی نەتانیاهۆ و گالانت.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیش بڕیاری گرتن بۆ نەتانیاهۆ و گالانتی بە خاڵە وەرچەرخانێکی مێژوویی وەسف کرد.