جەنایەتی دژ بە موسڵمانان لە میانمار بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ئیسراییل ئەنجام دەگرێت
سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی جەماوەریی ئەنسارووڵلای یەمەن ڕایگەیاند: جەنایەتی دژ بە موسڵمانان لە میانمار بە هاندانی ئەمریکا و تەیار کردنی ئیسراییل ئەنجام دەگرێ.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی هەواڵی یەمەنیی ئەلمەسیرە؛ "عەبدولمەلیک بەدرەدین ئەلحوسی" سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی ئەنساروڵلای یەمەن شەوی یەکشەممە بە بۆنەی جەژنی غەدیرەوە وتی: بۆچی ڕژێمی سەعوودی و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان ڕێ لە دڕندەکاریی دەوڵەتی میانمار دژی موسڵمانانی ڕوهینگیایی ناگرن؟
لە ئەنجامی هێرشی سوپای میانمار بۆ سەر موسڵمانانی ڕووهینگیا لە پارێزگەی ڕاخینی ڕۆژوای ئەم وڵاتە کە لە ٢٥ی ئاگوستی ڕابردووەوە دەست پێ کراوە، هەزاران کەس کوژراون و یاخۆ بریندار بوونە و نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسیش ئاوارە و هەڵوەدا کراون.
جێگای ئاماژەیە کە موسڵمانان لە میانماردا هیچ جۆرە مافێکی شاروومەندایەتییان بۆ ڕەچاو ناکرێ.
"عەبدولمەلیک بەدرەدین ئەلحوسی" تیشکی خستە سەر ئەمەی کە ئەمڕۆ ئەمریکاییەکان خۆیان لە هەموو کاروباری موسڵماناندا هەڵدەقورتێنن وتیشی؛ واشینگتۆن بەرنامە بۆ ئۆمەتی ئیسلامی دادەڕێژێ و لەم نێوانەدا بەرژەوەندییەکانی خۆی لە هەموو کارو بارێک پێ ئەوبەرترە.
سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بە راشکاوی وتی: لە قۆناغی ئێستادا ئەمریکا بەنیازە هەتا ئۆمەتی ئیسلامی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و ڕژێمی زایۆنییەوە.
"عەبدولمەلیک بەدرەدین ئەلحوسی" هەروەها سەبارەت بە باروودۆخی ناوخۆیی یەمەن وتی: دوژمن سێرەی بۆ یەکدەستی و یەکگرتنی یەمەنییەکان گرتووە، و هەوڵێکی زۆر دەدرێ بۆ ئەوەی لە ئاراستەی داگیرکردنی بە ئاسانی یەمەندا ، ئەم یەکگرتن و یەکدەستییە تێک بدرێت.