کانونی یه‌که‌م 07, 2017 18:24 Asia/Tehran
  • خۆپیشاندانی ناڕەزایانەی فەلەستینیەکان بەرامبەر بە بڕیارەکەی ترەمپ دژی قودس سەرکوت کرا

لەشکریانی زایونی ڕۆژی پێنج شەممە خۆپیشاندانی فەلەستینییەکانیان لە کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن و کەرتی غەززە سەرکوت کرد.

کۆمەڵێک لە دانیشتووانی غەززەو کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیارەکەی ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ ناساندنی قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونی دەستیان دایە خۆپیشاندان.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئیران (ئیسنا) : لەشکریانی ڕژێمی زایونی بۆ سەرکوت کردنی خۆپیشاندانی فەلەستینییەکان لە سەرتاسەری کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن و غەززە  هانایان بۆ توندوتیژو داپڵۆساندن و بەکارهێنانی گازی فرمێسک هێن برد کە لە ئەنجامی ئەم تێکهەڵچوونانە چەند کەس لە فەلەستینییەکان بریندار بوون.

لەم تێکهەڵچوونانەدا هەروەها زایونیەکان چەند لاوێکی فەلەستینییان لە ئەلخەلیل، باشووری کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن ڕاپێچ کرد. زایونییەکان بۆ سەرکوتکردنی نارازییانی فەلەستینی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی ڕۆژئاوادا ێەقامیان گرتووە.

کڵیسای ئۆرتۆدۆکسی شاری بەیت لەحمیش ڕۆژی پێنج شەممەی ڕۆژی ماتەمینیی گشتی ڕاگەیاندو بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی لە بارەی قودسەوە شەرمەزار کردو بە ستەمکارانەی زانی.

هەر لەم حاڵەدا ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس)یش لە وتاردانێکی دا لە غەززە وتی: فەلەستینییەکان بێجگە لە دەست پێ کردنی ئینتیفازەیەکی تازە ناتوانن بە لەونێکی دیکە بەرنگاری  ڕژێمی زایونییەک ببنەوە کەلە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانیی لێوە دەکرێت .

دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە سەرباری دژایەتییە بەربڵاوە ناوچەیی و جیهانیەکان ڕایگەیاند: بەیتولموقەددەس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونی بە فەرمی دەناسێت و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش کرد کە بەستێن بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ بەیتولموقەددەس خۆش کات.

جێگای ئاماژەیە کە بەیتولموقەددەس لە ساڵی 1967ەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیر کراوە.

 

 

 

سەرپەیڤ