تشرینی یه‌که‌م 04, 2020 18:54 Asia/Tehran
  • ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی: دەستوەردانەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا ئەنجامی باشی نابێت

ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی رەخنە لە دەستوەردانەکانی تورکیا لە ململانێ سەربازییەکانی چەند وڵاتێک دەگرێت، دەڵێت، ئەم پرسە ئەنجامی باشی نابێت.

ئەحمەد ئەبولغێت ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە، تورکیا چووەتە ناو کۆمەڵێک ناکۆکیی توندەوە لەگەڵ چەند وڵاتێکی ناوچەکە، لە دژی وڵاتانی وەک سوریا، عێراق، لیبیا و میسر دەستوەردانی سەربازیی کردووە، لە ئێستاشدا لە ناوچەی قەوقاز دەستوەردان لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیادا دەکات، لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەراستیش لەگەڵ یۆنان و قوبرس لە کێشەدایە لەبارەی وزەوە، کە وایکردووە وڵاتێکی گەورە و کاریگەری وەک فەرەنسا، دەستوەردان بکات و فڕۆکەی شەڕکەر و کەشتیی فڕۆکەهەڵگر رەوانەی دەریای ناوەڕاست بکات.

بۆیە ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی پێی وایە، هەموو ئەو دەستوەردانانەی تورکیا لە ناوچەکە، ئەنجامی باشی نابێت و خزمەت بە کەمکردنەوەی گرژییەکان ناکات.

سەرپەیڤ