شوبات 12, 2021 02:12 Asia/Tehran
  • گەشتەکەی چاووش ئوغلو بۆ قەتەر

وەزیری دەرەوەی قەتەر لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ ھاوتا تورکەکەی ڕایگەیاند: قەتەر بۆ داکۆکی لە براکانی لە لیبی مکوڕە. بە ھیواشە بە زووترین کات دەوڵەت پێک بێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی سپۆتنیک، «موحەممەد بن عەبدۆڕڕەحمان ئالی سانی» وەزیری دەرەوەی قەتەر لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ «مەولوود چاووش ئوغلو» وەزیری دەرەوەی قەتەر پێی داگرت: لە سەر پشتگریمان لە برایانی لیبی ھەتا کۆتایی قەیرانەکەو بەرپا کرانی ھەڵبژاردن بەردەوام دەبین.

«ئالی سانی» لە داکۆکی و ھەوڵەکانی تورکیاش لە بارەی گۆڕانکارییە دیموکراسییەکان لە لیبی ڕێزی گرت و وتیشی: قەتەر بەردەوام پشتگری لە جەماوەری لیبی دەکات.

وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ داکۆکی لە بەرژەوەندیی وڵاتانی عەرەبی دەڤەری کەنداوی فارسیش ستایشی تورکیای کردو وتی: پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات گۆڕانێکی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت.

ناوبراو «چاووش ئوغلو»ی بە دۆست و برای خۆی ناوبردو وتیشی: لە ھاوپشتیی ستراتژیانە، ھاوبەشیی ئابووری و سیاسی و ھاوکاریی تورکیا ڕێز دەگرین .

وەزیری دەرەوەی قەتەر جەختی لەوەش کردەوە کە، لە گەڵ وڵاتی دۆست و برای تورکیادا دوایین ئاڵ و گۆڕەکانی ھاوپەیوەند بە ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانیشمان تاوتوێ کردووە و گۆڕانکارییەکانی سووریاو ئەفغانستانیشمان ھەڵسەنگاندووە.

وەزیری دەرەوەی تورکیاش لەو پرێس کۆنفرانسەدا بەش بە حاڵی خۆی ڕایگەیاند: ھیوادارین لە لیبی و سووریادا ڕێگاچارەیەکی سیاسیمان دەست کەوێت، دیارە دەوحەو ئانکارا لەم بوارەدا دەتوانن بۆ چارەسەریی کێشەکانی ناوچەکە ھەوڵ بدەن.

«چاووش ئوغلو» ھەروەھا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو قەتەری بە پتەوو ستڕاتژی و تایبەتی وەسف کرد.

جێگای ئاماژەیە «مەولوود چاووش ئوغلو» وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەردانەکەی بۆ قەتەر لەگەڵ «شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی» میری قەتەریش دیدارو وتووێژی کردووە. ناوبراو لە پاش ئەو دیدارەی لە توییتێکدا نووسیبویەتی: لە دیدارەکەدا سڵاوی «ڕەجەب تەیب ئەردوغان»ی سەرۆک کۆماری تورکیام پێشکەشی میری قەتەر کرد.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە: قەتەر لە ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی کەنداوی فارس بەوپەڕی ھێزمەندییەوە دەرباز بوو، لە بەر ئەو ڕابەرایەتییە کارامەیەی پیرۆزباییم بە «شێخ تەمیم» کرد.

سەرپەیڤ