نیسان 22, 2021 06:17 Asia/Tehran
  • دەنگی قیژۆکی مەترسی لە نزیکی دامەزراوەی ناڤۆکیی ڕژێمی زایونی بەرز بووەوە

سەرچاوە ھەواڵدەرییەکان شەوی چوارشەممە لە سەر پێنج شەممە باسی بیسترانی دەنگی قیژۆکی مەترسییان کرد لە نزیکی دامەزراوەی ناڤۆکیی «دیمۆنا»ی ڕژێمی زایونی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە کەناڵی ڕووسیا ئەلیەوم، سەرچاوە ھەواڵدەرییەکان شەوی چوارشەممە لە سەر پێنج شەممە ڕایانگەیاند: دەنگی قیژۆکی مەترسیی لە نزیکی دامەزراوەی ناڤۆکیی «دیمۆنا»ی ڕژێمی زایونی بەرز بووەتەوە. 

ھاوکات کەناڵی مەیادینیش ڕایگەیاندووە، دەنگی قیژۆکی مەترسی لە نزیکی شارۆچکە زایونی نشینەکان لە نزیکی ناوچەی ناسراو بە «غەلاف غەززە» بیستراوە.

مەیادینیش ھۆکاری ئەو بابەتەی باس نەکردووە، بەڵام ئەوەی وا ئاشکرایە  دەنگی قیژۆکی مەترسیی بەردەوام لە کاتی ھاوێژرانی موشەک و ڕۆکێت لە غەززەوە بەرەو نێو سەرزەوییەکانی ژێر ڕکێفی ئیسرائیل بەرز دەبێ تەوە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا ڕادیۆی«کان»ی سەربە ڕژێمی زایونی و ھەواڵدەریی ڕۆیتێرزیش بە گێڕانەوە لە وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە، قیژۆکەکانی مەترسی لە ناوچەی «ئەبو قەرینات» لە «نەقەب» لە نزیکی ڕێئاکتۆری «دیمۆنا» کەوتوونەتە کار و لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە بەردەوامە.

ئەم ھەواڵە چەند کاژێرێک دوای ئەوە بڵاو بووەوە کە سەرچاوە ھەواڵدەرییەکانی ڕژێمی زایونی ڕۆژی چوارشەممە باسی ڕوودانی تەقینەوەیەکی قورسیان کرد بوو لە کارگەی چەک چێکردن و ناوەندێکی ئاسایشتیی ھەستیار لە ناخی فەلەستینی داگیرکراودا.

سەرچاوەکانی ڕژێمی زایونی بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ڕوودانی تەقینەوەکە لە بەر ھەڵەی مرۆڤی بووە لە کاتی تاقیکردنەوە لە نێو کارگەکەدا.

سەرپەیڤ