کپ کرانەوەی دەنگی فەلەستین ئەمجارەیان لە لایەن «واتساپ»ەوە
دوای ھێرشی ئاشکرای ڕژێمی زایونی بۆ سەر نووسینگەکانی میدیا نێونەتەوەییەکان، ئەمجارەیان «واتساپ» لە ھەنگاوێکی پێشێلکەری مافی دیجیتاڵی، ھەژماری دەیان پەیامنێری فەلەستینی و ھەروەھا پەیامنێرانی نێونەتەوەیی سەقامگرتووی غەززەی داخست.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، پەیامنێرانی فەلەستینی وێڕای ڕەخنەگرتن لە ھەنگاوی ئەم دواییەی «واتساپ» ڕۆژی سێ شەممە ڕایانگەیاند کە دەستڕاگەییشتنیان بە «واتساپ» بەرتەسک کراوەتەوە.
دوای ڕاگەیەندرانی ئاگربڕ لە لایەن کابینەی ڕژێمی زایونییەوە لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل دژی غەززە، دوو ڕۆژنامەنووسی نووسینگەی ھەواڵدەریی فەرەنسا چەند پەیامێکیان بە زمانی عەرەبی لە بارەی داخرانی ھەژمارەکەیان لە «واتساپ» دا پێ گەییشت و ڕۆژنامەنووسانی دیکەش لە قودسی پیرۆز، غەززەو کەرتی ڕۆژئاوا باسی داخرانی ھەژمارەکانی خۆیانیان کرد.
«تەحسین ئەلئەستال» یاریدەری کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی جەختی لەوە کردووەتەوە کە، ھەتا ئێستا ھەژماری نزیکەی ١٠٠ ڕۆژنامەنووس لە ھەرێمی غەززە داخراوە.
کۆمەڵەی ھەڵسوڕاوانی میدیایی فەلەستینیش ھەنگاوی دژی ئەو ڕۆژنامەنووس و ھەڵسوڕاوانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە ڕۆڵێکی گرینگیان لە ئاشکرا کردنی دڕندەکارییەکانی ئیسرائیل لە ھێرشەکانی ئەم دواییەی سەر غەززە ھەبووە، ئیدانە کردووە.